ڕائیب جادر – هەولێر
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕاگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم پێکدێت. دەشڵێ: بوونی پێکھاتەکان گرنگە و حکوومەتی ھەرێم بێ جیاوازی پشتیوانی لە پێکھاتەکان دەکات و لە کابینەی دەیەم بەشدار دەبن.
٨ پێکھاتە لە ھەرێمی کوردستان دەژین
ھەرێمی کوردستان وەڵاتێکی فرەئایین و فرەنەتەوە و ئایین و ئایینزایە و بەوەش ناسراوە کە بووەتە مەڵبەندێکی پێکەوەژیانی تەواوی پێکھاتە و ئایین و ئایینزاکان و ھەر لەبەر ئەوەش، لە دنیای دەرەوەدا ھەرێمی کوردستان بە شوێنیکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی ئایین و پێکھاتەکان ناوی دەرکردووە، بە شێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتی یاسادانان بە چەند بڕیار و یاسایەک توانیویەتی مافی ئەم پێکھاتانە دەستەبەر بکات و پشکداریی کارایان لە دەسەڵاتی تەنفیزیدا ھەبێت و ئێستا ئەوان بە فەرمی لە دەسەڵاتی یاسایی و تەنفیزی و دادوەریی ھەرێمی کوردستاندا ڕۆڵیان ھەیە، ھەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین لە حکوومەتدا توانیویەتی دەسەڵاتێکی یاسایی بە پێکھاتەکان بدات کە نوێنەراتییان ھەبێت و ٨ ئایین لە دەسەڵاتی یاسادانان و حکوومەتدا مافی بەشداریی ڕاستەقینەیان ھەبێت، لە ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، چونکە یاسایەکی تایبەتیان ھەیە و دەبێ پێکھاتەکان ھەم لە ئەنجوومەنی پارێزگاکاکانی ھەرێمی کوردستاندا و ھەم لە جومگەکانی دەسەڵاتیشدا پشکدارییەکی کارایان ھەبێت، جگە لە ئایینی ئیسلام، ٧ پێکھاتەی تر نوێنەرایەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف ھەیە؛ وەک مەسیحی و ئێزدی و بەھائی و سابیئەی مەندائی و زەردەشتی و کاکەیی و یارسان و جوو.
لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی دەیەم پێکدێت
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر پێویستە، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، لە ئێستادا لایەنەکان لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئەوەی من ئاگادارم کۆبوونەوەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، بۆیە وای دەبینم لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی نوێ پێک بێت و دەست بە کارەکانی خۆی بکات.
پێکھاتەکان بەشداری لە حکوومەت دەکەن
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، ئاشکراشی کرد: ئێمە وەکو پێکھاتەکان بەشدار دەبین لە کابینەی نوێ، بەشداریکردنی پێکھاتەکان ھەنگاوێکی گرنگە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کات پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان دەکات، وەکو چۆن لە ڕابردوودا بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەم زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان دراوە و چەندین وەزارەت و دەستەیان ھەیە، لە کابینەی نوێ، ئامادەبوونی پێکھاتەکان زیاتر دەبێت.
لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان دراوە
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، زیاتر دەڵێ: لە ھەرێمی کوردستان مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراوە، گرنگی زۆر بە داواکاریەکانی دراوە و ئەوەی لە توانای حکوومەتی ھەرێم بووە بۆ پێکھاتەکان کراوە، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاودێکی دیکە تەماشای ھەرێمی کوردستان بکات، لە داھاتووشدا ڕەوشی پێکھاتەکان باشتر دەبێت.
بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتی پێکھاتەکان دەکەین
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد: ھەبوونی مەلەفی کاروباری پێکھاتەکان لەناو حکوومەتی ھەرێم شتێکی زۆر باشە، لە ئێستادا گەیشتووینەتە مەرحەلەیەکی زۆر باش بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان، زۆر گرنگە لە کابینەی داھاتوو زیاتر گرنگی بە پێکھاتەکان بدرێت و ئامادەبوونیان ھەبێت، چونکە لە ئێستادا ئەو مەلەفە وەکو تەجروبە سەرکەوتوو بووە و فۆکسی زیاتری لەسەرە، دەورێکی باشمان ھەیە لە گەیاندن و چارەکردنی کێشەی پێکھاتەکان، ڕۆژانە چاودێری کێشە و گرفتی پێکھاتەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە بەرگریان لێ بکەین و کێشەکانیان چارە بکەین.
وڵاتانی جیھان زۆر گرنگی بە پێگەی ھەرێم دەدەن
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، گوتی: ئەو شاندانەی کە لە دەرەوە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن زۆر گرنگی بەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دەدەن، ئەوان لەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ڕازین.
ستەمێکی زۆر لە پێکھاتەکان کرا
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، ئەوەشی گوت: لە ئێستادا بۆ ئێمە وەکو پێکھاتەکان ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، دادگەی ئیتحادی ستەمێکی زۆری لە پێکھاتەکان کرد، ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، بۆیە لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەداین کە قەرەبووی ئەو غەدرە بکرێتەوە، کە لە ١١ کورسی پەرلەمان بوونە ٥ کورسی، ئەوانیش دابەش کراون بەسەر پارێزگاکان، ئەوەش ناعەداڵەتییەکی زۆری تێدا بوو، بۆیە لە کابینەی نوێ و لە پەرلەمان داوا دەکەین ئەو کورسیانە بگەڕێنەوە بۆ پێکھاتەکان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر مومارسەی پێکھاتەکان بکەین و لە ھەمان کاتیشدا بەشدار بین لە حکوومەت و پەرلەمان.