دوێنێ، لە هۆڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و، بەڕێزان سیداد بارزانی، مەحموود محەممەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی ٢ی (پ.د.ک) و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و میدیاکاران، ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ناساندن و بەرزنرخاندنی وەرگێڕانی شاکاری مێژوویی (مەم و زین)ـی ئەحمەدی خانی بۆ زمانی فارسی بەڕێوەچوو.
دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ـی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ئاماژەی بەوە کرد: کە کاک د.شێرزاد شفیع بابۆ بارزانی، یەکێکە لە قەڵەم بەدەست و ئەکادیمیست و نووسەر و وەرگێڕە دیارەکانی کوردستان، کە خۆی لە کارێکی زۆر گرنگ داوە کە ئەویش وەرگێڕانی مەم و زینە بۆ زمانی فارسی، لەو ڕوانگەیەوە گرنگە لەڕێی وەرگێڕانەوە خۆمان و ئەدەب و دۆز و خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بناسێنین.
پاشان فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک گوتاری مەکتەبی سیاسی پێشکەشکرد و گوتی:
دەستخۆشیی لە د.شێرزاد دەکەم، کارێکی جوان و گەورە و مێژوویی ئەنجام داوە و جێگەی دەستخۆشییە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە وەرگێڕان هونەر و زانست و لێهاتن و ژێهاتنە، هەموو کەسێک بە ئاسانی ناتوانێت وەرگێڕان بکات.
لە ڕێوڕەسمەکەدا (د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی) ناساندنی بۆ کتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانی کرد و تیشکی خستە سەر:
نێوەڕۆکی وەرگێڕانەکەی و بەشێوەیەکی ورد تەواوی بڕگە و قۆناغەکانی وەرگێڕانی شاکاری مەم و زینی بۆ زمانی فارسی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستخۆشیی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی کرد کە بەو شێوازە جوانە ڕێز لە بەرهەمە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی نووسەرانی کوردستان دەگرێت.
ستران و میوزیک بەشێکی گرنگی مەراسیمەکە بوو و تێیدا هونەرمەند ژیوار شێخولئیسلامی چەند سترانێکی پێشکەشکرد.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە پانێڵێک بەنێونیشانی (مەم و زین شاکارێکی گەشی ئەدەبی) بەڕێوەچوو. تێیدا هێرۆ شێخوئیسلامی بەنێونیشانی (کاریگەری مینیاتۆر لە کتێبی مەم و زین)، د مایکل لیزینبێرگ (مەم و زینی ئەحمەدی خانی لە ئەدەبی کلاسیک بۆ ئەدەبی جیهانی) و تەحسین دۆسکی، بەنێونیشانی (ئامانجی ئەحمەدی خانی لە نووسینی مەم و زین) بەشداربوون.
پاشان ڕێزلێنان و گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی کرا.
لە دومایی ڕێوڕەسمەکەدا (30) میناتۆری کتێبی مەم و زین بە شێوەی پانۆراما لەلایەن هێرۆ شێخولئیسلامی نمایشکرا.