سبەی هەناردەکردنی مریشک و هێلکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستپێدەکاتەوە

دوای پشکنینی کێلگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن لێژنەیەکی بەغداوە، پشکنینەکان دروست دەرچوون و سبەی بەرهەمە پەلەوەرییەکانی کوردستان ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.

دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی ڕایگەیاند: تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ تیمی چاودێری  وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕێکەوتوون، سبەی  هەناردەی مریشک و هێلکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستپێبکاتەوە.

بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی لیژنەکانی عێراق سەردانی کێڵگە پەلەوەرییەکانی  هەرێمی کوردستانیان کرد،  پشکنینەکان سەرکەوتوبوون و سبەی مریشک و هێلکەی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە.

 27ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی فیدراڵ هەموو پەلەوەر و بەرهەماکانی پەلەوەری هەرێمی کوردستانی قەدەغەکرد بگەنە پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش بەهۆی مەترسی گوازرانەوەی نەخۆشییەکان لە پەلەوەر و ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.

بەهۆی ئەو بڕیارەی حکوومەتی فیدراڵیش،  27ـی کانوونی دووەمی 2025، بەسەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزیری تەندروستی و  ئامادەبوونی نوێنەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و پارێزگاری هەولێر و ستافی پەیوەندیداری هەر سێ لایەن لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کۆبونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدرا، بۆ‌ تاوتوێ کردنی ئەو رێکارانەی ئەرکی هەر سێ لایەنی دیاری دەکرد لە ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لەنێوان ئاژەڵ و پەلەوەر و مرۆڤدا هاوبەشن، لەگەڵ چۆنیەتی دانانی رێکار و پلانی زانستی بە مەبەستی خۆپاراستن.