ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی تازەی حکوومەت دەکرێت و وتەبێژی پارتیش دەڵێت زۆربەی بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان لیژنە تەکنیکییەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاند: لیژنە تەکنیکییەکانی ھەردوولا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە، زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لەنێوان ھەردوولا باس کراون چارەسەر کراون و یەکلا کراوەتەوە و گەیشتوونەتە بیری ھاوبەش بۆ پێکھێنانی حکوومەت، ھاوکات چەند خاڵێکی کەم ماون کە پێویستی بەوەیە لە ئاستێکی دیکەدا باس بکرێن، ئەویش لە چەند ڕۆژی داھاتوو یان لە ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوە دەکرێت و کۆتایی بەو چەند خاڵەش دەھێندرێت.
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیش دەکاتەوە، کە ئێمە و یەکێتی گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ئەو گرفتانەی کە ھەن پێویستە لە کاتێکی زوودا حکوومەت پێکبھێندرێت و بکەوێتە سەر ڕێچکەی خۆی.
مەحموود محەممەد باس لەوەش دەکات: کۆبوونەوەی ئاستی باڵا کە لە ڕۆژانی داھاتوو دەکرێت ئومێد دەکەین ببێتە ھۆی یەکلاکردنەوەی ئەو خاڵانەی کە ماون و بە یەک کۆبوونەوە یەکلا بکرێنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە، پێمانوایە ئەمە تەکانێکی زیاتر دەداتە زوو چارەسەرکردنی گرفتەکان.
ھاوکات ئەوەش ناشارێتەوە و دەڵێ، ناتوانین بڵێین کە خاڵی جیاوازمان ھەیە، بەڵکوو ئەوەی کە ھەیە ئەوەیە کە ھەردوولامان چۆن بیر لە حکوومەت و پێکھێنانی کابینەی تازە دەکەینەوە، ڕای جیاوازمان لەمبارەیەوە ھەبوو بەڵام سەرجەمیان چارەسەر کراون، ھەروەھا تاوەکو ئێستاش قسەمان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە چونکە ئەمە قۆناغی داھاتووە.
وتەبێژی پارتی لەسەر مانگرتووان، ئاماژەی بەوەکرد: ناڕازایەتی ڕێگەی پێدراوە، بەڵام کات و ھۆکارەکەی جێگای پرسیارن، ئەوەی مانگرتووان داوای دەکەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمێژە لەگەڵ بەغدا ھەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.