ئەمڕۆ ١٠ـی شوباتی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ جۆن فۆستەر، ڕاوێژکاری باڵای بەرگری لە کونسوڵخانەی شانشینی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە و راوێژکاری باڵای بەریتانیا باسیان لە دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی دەربارەی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا گفتوگۆیان کرد.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگیەوە باسیان لە هەوڵ و هەنگاوەکانی گۆڕینی پرۆگرامی خوێندنی کۆلێجی ئەرکان و هەردوو کۆلێجی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان کرد. لەلایەن راوێژکارانی سەربازی بەریتانیا، وەزیری پێشمەرگە: ستایشی پشتیوانی بەردەوامی سوپای شانشینی بەریتانیایی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم گۆرانکاریانەی لە پرۆگرامی خوێندنی کۆلێجە سەربازییەکان بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و نوێبوونەوە و بەرەوپێشچوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان،وەسف کرد.
کۆڵۆنێڵ فۆستەر،جەختی لە بەردەوامی و هەماهەنگی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە. بە گرنگیەوە باسی لە لایەنە جیاواز و گرنگەکانی سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی عێراق کرد بۆ شانشینی بەریتانیا.
هەروەها رایگەیاند: هاوکارییەکانی بەریتانیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بە تایبەتی لە بواری مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.