لە دھۆک زیاتر لە چوار ھەزار و ٦٠٠ خانووی زێدەڕۆ تاپۆ دەکرێن

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی دھۆک رایگەیاند، “بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤ھەزار و ٦٠٠خانووی زێدەڕۆ لە پارێزگای دھۆک تاپۆ دەکرێن کە ماوەیەک پێش ئێستا بڕیاری تاپۆکردنیان لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچووە.”

ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی دھۆک، ڕایگەیاند “ئەو کەسانەی خانووی زێدەڕۆیان ھەبوو و مامەڵەیان بۆ تاپۆکردن پێشکەش کردبوو و لە ٩/٩/٢٠٢٤ ڕاگیرابوون، ئێستا جارێکی دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی ڕەزامەندی دراوە ئەو مامەڵانەی پێشکەش کراون بەڕێوە ببردرێن و خانووەکانیان تاپۆ بکرێن، ٧٩٨ مامەڵە تەواو بوونە، ئەوانەی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی تەواوبکرێن و خانووەکانیان تاپۆبکرێن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی لەبەرژوەندی خەڵکی پارێزگای دھۆک داوە.”
ئیسماعیل مستەفا گوتیشی “ئەو خانووانە سەرجەمیان زیادەڕۆن، پێویستە شوێنەکەیان نەکەوتبێتە شوێنە خزمەتگوزارییەکانی وەکو پاڕک، باخچە و نەخۆشخانە، تەنیا ئەوانە تاپۆ دەکرێن لە بنەڕتدا شوێنەکەیان بۆ ھیچ نەخشەیەک دیاری نەکرابێت، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوانەیە کە مامەڵەیان لە ساڵی ڕابردوو پێشکەش کردووە، ئەوانەی ئێستا مامەڵە پێشکەش دەکەن لێیان وەرناگیرێت.
ئێستا ٣ھەزار و ٥٠٤ خانوو لەشارەوانی ڕۆژھەڵات و ھەزار و ١٠٠ خانووش لە شارەوانی ڕۆژئاوا تاپۆ دەکرێن.”