پەنجاهەزار هاوبەش خزمەتگوزاریی کارەبای نیشتمانیی ٢٤ کاتژمێرەیان پێ دەگات

شۆرش غەفوری – هه‌ولێر

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێرەی بە هاونیشتمانیان داوە و لەم چوارچێوەیەشدا و لە ڕێگەی وەزارەتی کارەباوە، «پڕۆژەی ڕووناکی» جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتی کارەبا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، دەستی بە جێبەجێکردنی کارەبای نیشتمانیی ٢٤ کاتژمێریی بە گەڕەکەکانی (شادی و بەهاری نوێ و نازناز و بەختیاری و سەربەستی) کرد کە بووە هۆی ئەوەی 22هەزار هاوبەش، کارەبای نیشتمانییان ببێتە 24 کاتژمێرە و پڕۆژەکەش دوای جێبەجێکردنی و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ماڵی ئەو گەڕەکانەی کە خزمەتگوزارییەکەیان پێ گەیشتبوو، ڕاگەیێنرا و بەڵێن درا لە ماوەی دوو ساڵ سەرتانسەری هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانیی ٢٤ کاتژمێرەی بۆ دابین بکرێت و موەلیدەکان هەڵگیرێن.
ئێستاش و لە قۆناغی دووەم، وەزارەتی کارەبا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی (کووران، ڕزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) کە زیاتر لە 28هەزار هاوبەشی کارەبایان لەخۆگرتووە.
بەمەش و بە کۆی گشتی پەنجاهەزار هاوبەش لە پایتەختی هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە، لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە پارێزگاکانی تر ڕایگەیاند کە “هاوکات لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستی پێکردووە، و لەچەند هەفتەی ئایندەدا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری”.هەروەها ئەم وەزارەتە، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە لایەن هاونیشتمانیانەوە، سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ڕووناکی داناوە تا لەڕێگای ژمارە 1992 و لە کاتی هەبوونی هەر پرسیار یان کێشەیەک، بتوانن پەیوەندی بکەن، چونکە سەنتەرەکە لە کاتژمێر 9ی بەیانیانەوە تاوەکو 9ی شەو بەردەست دەبێت بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیان و چارەسەرکردنی کەموکووڕی و کێشەکانی بەردەم کارەبای هاوبەشەکان.