پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، کەس داوای مۆڵەتی نەکردووە تاوەکوو بە مەبەستی پشتگیریی لە مانگرتووانی سلێمانی، گردبوونەوە یان خۆپیشاندان لە شارەکە بکەن.
یەکشەممە، 09-02-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی خۆپیشاندانی هەندێک کەس لە هەولێر بۆ پشتگیریی لە مانگرتووانی سلێمانی، ڕایگەیاند “خۆپیشاندان، گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی دەربڕین، ڕێکاری یاسایی خۆیان هەیە. لە هەولێریش، کەس داوای مۆڵەتی نەکردووە تاوەکوو خۆپیشاندان بکەن یان مان بگرن.”
لەبارەی ئەو پاسانەی کە ژمارەیەک کەسیان تیایە و لە سلێمانییەوە بۆ پشتگیریی لە مانگرتووان دێنە هەولێر، ئومێد خۆشناو گوتی: هەولێر هەمیشە میوان دۆست بووە، بەڵام تاقەتی نییە ئەمڕۆ ئەو جۆرە میوانانە وەربگرێت.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد “ڕاستە خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناڕازین و نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکە حکوومەتی عێراقە کە چەندان ساڵە ستەم لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هەناردەکردنی نەوت ڕادەگرێت، شایستە داراییەکان دەبڕیت و بودجە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین ناکات لەگەڵ چەندان پێشێلکاری دیکەی دەستووری.”
ئومێد خۆشناو لەبارەی سەردانی ژمارەیەک سیاسیی عێراق بۆ نێو خێوەتی مانگرتووان، ئاماژەی بەوە دا “باشترە ئەو لایەنە سیاسییانە، لە جیاتی ئەوەی موزایەدەی سیاسی بەسەر مانگرتووانەوە بکەن، با لە بەغدا گرفتەکانمان بۆ چارە بکەن، چونکە پشتگیریی لە مانگرتووان بریتییە لە چارەکردنی گرفتەکان.”
پارێزگاری هەولێر بە پێویستیش دەزانێت “هەموو خەڵک و لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و پێکەوە پشتگیریی قەوارە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لە بەرانبەر ئەو ستەم و دژایەتییەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لێی دەکرێت.”