حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ کێشەکان چارە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

پێنج گوندی سنووری سەرگەڕان تا ئێستا کاری کشتوکاڵیان تێدا قەدەغەکراوە، سوپا ڕێگری لە جووتیاران دەکات زەوییەکانیان بەکاربھێنن، کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خەڵکی سنوورەکەیە، لە پەرلەمانی عێراق ھەر چەندە پڕۆژە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دادگەی فیدراڵی جێبەجێ کردنی پڕۆژە یاساکەی ڕاگرتووە، جووتیارانیش بە گومانەوە لەم ھەنگاوە دەڕوانن و نیگەرانن. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لە سەرەکان تەنیا جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە.

بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو لە بەرژەوەندی عەرەبی ھاوردە زەوییەکانی جووتیارانی کورد بە گرێبەستێک لێی زەوت کراون، ئێستا ھەر چەندە بەشێوەی یاسای خاوەنداریەتی زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بەھۆی ڕێگری سوپا ناتوانن بەکاربھێنن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕاستە ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە بۆ ئێمە دڵخۆشکەر بووە، بەڵام جێبەجێکردنی ئاسان نییە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی حکوومەتی عێراق دەکەین بڕیارەکەی پەرلەمان وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
جووتیاران، دەڵێن، گوندەکانی ئێمە پڕە لە سەربازی عێراقی، بەردەوام بە گوند و ئاوایەکاندا دەگڕێن، ھەر کەسێک ببینن کە کاری کشتوکاڵی دەکات، دەستگیری دەکەن و کەلوپەلەکانیشی لێ دەشکێنن و ئازاری دەدەن.
٢١ـی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسی تایبەت بە زەوی و زاری پەسەند کرد، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دادگەی باڵای فیدراڵی بەھۆی سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە لەگەڵ دوو پڕۆژە یاسای دیکەی پەسەند کراو ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان یەکلا دەکرێنەوە.
پەرلەمانتارانی کورد، دەڵێن، ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورە یەکێک بوو لە داخوازییەکانی جووتیاران، پەرلەمان کە بڕیاری لەسەر دا، ئێستاش دادگەی ئیتحادی بڕیارەکەی ڕاگرتووە، ئەوە کاتییە و کێشەی جووتیارانی کورد چارە دەبێت و ھیچ کێشەیەکی نییە.
پێداگری جووتیارانی کورد لە مانەوەیان لەسەر زەوییەکانیان لە سنوورەکانی ماددەی ١٤٠ خاڵی بەھێزی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی تەعریبە.
ماددەی ١٤٠ سێ قۆناغە، یەکەم قەرەبووکردنەوە، پاشان ئاسای کردنەوە و دواتر سەرژمێری، بریار بوو کۆتایی ساڵی٢٠٠٧ ھەرسێ قۆناغەکەی جێ بەجێ بکرێت.
لەھەر سێ قۆناغەکەی ماددەی ١٤٠، تاکو ئێستا ٢٠%ـی قۆناغی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ نەکراوە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پێویستە زەوی و زاری جووتیارانی کورد کە چەندین ساڵە لەلایەن عەرەبی ھاوردە دەستیان بەسەردا گیراوە، دەبێت بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە، زۆرجار جووتیارە عەرەبەکان دەڵێن، ٣٠ ساڵە ئەو زەویانە ھی ئێمەنە و کاری کشتوکاڵی تێدا دەکەین، بەڵام من دەڵێم لەوەتەی ئەو زەوییانەی کە ھەنە تاپۆکانیان بە دەست کوردەوە بوونە، ئەو یاسایەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، بۆیە چۆن لە ڕابردوو ھەوڵمان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە داھاتووشدا داکۆکی تەواو لە جێبەجێ کردنی ئەو ماددە زیندووە دەکەینەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە تاکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا نابێت، بۆیە کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە.