ڕەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ 73 هەزار کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێدانی زەوی دەرچووە

 

ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە 64 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە شارەوانی، ئەو 64 هەزار ناوە پۆلیس و زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ دەگرێتەوە.

هەروەها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لیستی ناوی 9 هەزار پێشمەرگە گەڕاوەتەوە وەزارەت، هەر فەرمانبەرێك، كە ‏8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

ناوی کارمەندانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە وەزارەتی شارەوانی دەدرێتە شارەوانییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ تەرخانکردنی زەوی، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، لیستەکان بۆ شارەوانییەكان ڕەوانە دەكرێن، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.

ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.