ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنیک م. ستۆنهام، سەرۆکی یەکەی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئۆفیسی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ کرد.
لەدیدارەکەدا، ئانۆ جەوهەر، پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی لە چەسپاندنی بناغەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادییە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان وناوچەکەدا دووپات کردەوە.
ئانۆ جەوهەر، جەختی لە داواکارییەکانی مەسیحی، کلدان، ئاشووری، سریانی و ئەرمەنی وپێکهاتەکانی دیکە کردەوە، کە هاوپەیمانی مەسیحی لە داواکارییەکانیدا بەرجەستەی دەکات، لە سێ خالی سەرەکیدا پێک دێن.
1- دەبێت میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا بکشێنەوە و دەرفەت بە ڕۆڵەکانی پێکهاتەکان بدرێت بۆ پاراستنی ناوچەکانیان، لە ڕێزەکانی هێزە ئەمنییە ڕەسمییەکاندا دابمەزرێنرێن.
2- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکوومەتی خۆجێیی لە سەرتاسەری عێراق، کە سەبارەت بە کۆتای مەسیحییەکان و سنووردارکردنی دەنگدان بۆ کریستیانەکان، واتە تەنیا مەسیحی بۆی هەبێت، دەنگ بدات بە مەسیحی، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی جارێکی دیکە میلیشیاکان نەتوانن کۆنترۆڵی نوێنەرایەتییەکانی پەرلەمان بکەن، چیتر دەست بەسەر ئیرادەی سیاسی مەسیحییەکاندا نەگرن.
3- جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوریانەی کە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا پەسەند کراون، بەتایبەتی ماددەی 140، بۆ دەستەبەرکردنی چارەی کۆتایی کە گەرەنتی پاراستنی بوونی پێکهاتەکان بکات.