ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کرا.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی بۆ مۆسکۆ کرد.
سەرۆکی حکومەت، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا ، لەم ڕووەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەمدرا.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سووریا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا