لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ڕۆژنامەنووس وریا حەمەکەریم گیانی سپارد

هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، ڕایگەیاند، وریا حەمەکەریم، پێشکەشکار و پەیامنێری کەناڵی “ئێن ئاڕ تی” لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی سپارد. 

نزیکەی کاتژمێر 05:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-02-2025، لەسەر ڕێگەی سلێمانی – عەربەت بووە و ئۆتۆمبیلی وریا حەمەکەریم، لەگەڵ بارهەڵگرێکدا پێکیاندا کێشاوە.

لە کاتی ئێستا تەرمی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە پزیشکی دادی سلێمانییە و هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گۆڕستانێکی شاری هەڵەبجە بەخاک دەسپێردرێت.

وریا حەمەکەریم، ساڵی 1986 لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە، ژیانی هاوژینی پێک هێناوە و دوو منداڵی هەیە.

ئەو، لە ساڵی 2013ـەوە، پەیامنێر و پێشکەشکاری کەناڵی ئێن ئاڕ تی بووە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.