شازادە حەسەن بن تەلال: كورد یەكێكە لە چوار ستوونە سەرەكییەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

شاندێكی ڕۆشنبیرانی هەرێمی كوردستان كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ئوردنن و لە لایەن شازادە حەسەن بن تەلال، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن لە عەممانی پایتەختی ئەو وڵاتە پێشوازییان لێ كرا.

شازادە حەسەن بن تەلال لە میانی چاوپێكەوتنەكەدا لەگەڵ شاندی دامەزراوەی ‘كوردستان كرۆنیكڵ’، كە دامەزراوەیەكی رۆشنبیرییە لە هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ڕۆڵی هەرێمی كوردستان وەكوو بەرەیەكی ستراتیجیکی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، ئاسایش و ئاشتیی لە ناوچەكه و ڕۆڵی هەرێمی‌ كردەوە.

شاندی دامەزراوەی ‘كوردستان كرۆنیكڵ’ لە كۆتایی سەردانەكەیاندا بەشدارییان لە كردنەوەی ‘ناوەندیی دیالۆگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ لە زانكۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئوردن كرد كە زیاتر لە هەزار كەس لە ڕێوڕەسمەكەدا بەشدار بوون. شازادە حەسەن بن تەلال ئامادەییەكی دیاری لەو گفتوگۆیانەدا هەبوو كە باس لە ئاییندەی پەیوەندییە هەرێمییەكان و ڕۆڵی كوردستان دەكەن

هەروەها لە مونتەدای فیكری نەتەوەیی عەرەب، كە ناوەندێكی هزروبیری وڵاتانی عەرەبییە و رۆشنبیری دیاری سوودانی سادق فەقیە ئەمینداریەتی و كار بە سەرخستنی رێبازی بیركردنەوەی عەقلانی و بە باڵاكردنی ئاشتی دەكات، وەك تینك تانكێكی گرێدای خاوەنس شكۆ شازادە حەسەن كوڕی تەلالە، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ دامەزراوی كورستان كرۆنیكڵ واژۆكرا بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاكی هاوبەش و بەرزكردنەوەی هۆشیاری كۆمەڵگایەكان بۆ تێگەیشتن لە ماف و خواستی هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە.

یەكێك لە ئەندامانی شاندەكە بە (هەولێر)ی گوت: شازادە حەسەن بن تەلال جیاواز لە سیاسیەتمەدارەكانی نەوەی خۆی بیر دەكاتەوە، روانگەی بیروبۆچوونی ئەو لە روانگەی زانیاریی نێو خەبەرەكانی رۆژ نییە، بەڵكو ناوەرۆكی كتێبی ئەو نووسەرانەیە كە لە نێو مەتبەخی قەراری سیاسیی جیهانداهەن و كردوویانە بە كەسایەتییەكی خوێندەوار و ئاگادار لە سەرجەم گۆڕانكاری و پێشكەوتنە سیاسی و رۆشنبیرییەكان. هەروەها ئەو لەو باوەڕەدایە، كە چوارستوونی سەرەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورد، عەرەب، تورك و فارسن، بەبێ تەواوبوونی بەشداری هەریەكێك لەو ستوونانە، دیمەنەكە ناتەواوە، بۆیە دەبێ بە تەواوكردنی كوچكەی كورد دیمەنە راستەقینەكە تەواو بكرێت.
پێی وابوو لە هەموو چركە ساتە مێژوویەكان كە ئەو ستوونانە بەیەكەوە كاریان كردووە، گۆڕانكاری گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی بەدی هاتووە.

ئەو لەو بڕوایەدا بوو هەرێمی كوردستان دەتوانێ ئەو پێگەیە ببینیت لە بووژانەوەی كورد لە هەموو ئەو پارچانەی كە لێی دەژین بەشێوەیەك كە ببێتە كارەكتەرێكی سەرەكی لە چەسپاندنی سەقامگیری، ئاسایش و ئارامی ناوچەكە.