ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لە بەردەوامی سمینار و دیداری وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ كەسایەتی سەركردەكانی ئەو وڵاتە، لێكۆلەرەكانی (ئێف دی دی) – دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسییەكان كە یەكێكە لە بەناوبەنگترین و كاریگەرترین پینكتانكەكانی ئەمریكا ، لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن چەند پرسێكی گرنگ و تایبەت بە گۆڕانكاریەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت بۆ ئامادەبووانی خرانە ڕوو، لەوانە: گرنگیی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك نموونەیەكی دەگمەنی دیموكراسی و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست.
بە پێی ڕاگەیێنراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن چەندین خاڵ لەو كۆبوونەوەیەدا خرانە ڕوو لەوانە باسكردن بوو لەسەر پاشگەزبوونی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لە بەغدا لە بەڵێنەكانیان بۆ سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و، جێبەجێنەكردنی ٥٢ بڕگەی هەستیار لە دەستووری عێراق و، بردنەوەی عێراق بەرەو حوكمێكی مەركەزی و، لاوازكردنی فیدراڵیەت و بەئامانجكردنی هەرێمی كوردستان بە مووشەك و درۆن لە لایەن میلیشیاكان و، هەروەها راگرتنی هەناردەكردنی نەوت و، ڕاگرتنی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینەكان و بنەماڵەی شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت؛ هەروەها هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی ئیقلیمی و نیشتمانی كرا لە دوای گۆڕانكارییەكان لە سووریا و باردۆخی پێكهاتەكان (كەمایەتیەكان) لەم وڵاتە. باسی پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و بە كردار و گوتار بە پاراستنی پێكهاتەكانی ئایینی و نەتەوەیی و بەرگریكردن لە بەهاكانی دیموكراسی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان و جەخت كرایەوە لە گرنگی رۆڵی ئەمریكا و وڵاتانی دۆست لە هاندان و فشار خستنە سەر بەغدا بۆ پابەندی بە جێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكانی و پێدانی مووچەی فەرمانبەران و بوودجەی هەرێمی كوردستان.