ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە سۆمۆ دەستیپێکرد

 

 

ماوەی ١١ ساڵە مووچەخۆرانی کوردستان مانگانە کێشەی ھاتن و نەھاتنی مووچەیان ھەیە، ئێستا کە ھەولێر و بەغدا لەسەر تەواوی ساڵێکی مووچەی فەرمانبەران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی چی دیکە نابێت ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە ببێت بە ھەواڵ و دەبێت فەرمانبەران مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن. وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ، ڕایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم دەستیان بەڕێکارەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە کردووە.

یەکەم ھەنگاوی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە یەک گوژمە بڕی ٩٥٨ ملیار و ١٢ ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج کرد، بڕیارە لیستی ئەم مووچەیە بکرێتە بنەما بۆ کۆی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ و بەم شێوەیە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ئەمساڵ چارەسەر دەبێت و بەبێ گرفت مووچەکانیان وەردەگرن. ئەو فەرمانبەرانەشی لە ١/١ی ئەمساڵەوە خانەنشین بوونە، مووچە و شایستەکانیان ھاوتای خانەنشینانی عێراق دەکرێت، بەڵام تاکو تەواو کردنی مامەڵەکانیان ھیچ مووچەیەکیان پێ نادرێت، پاشان سەرجەم مووچەکان پێکەوە بۆیان خەرج دەکرێت. بەگوتەی چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتاران، ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کێشەکانی نێوان ھەر دوو حکوومەت چارە دەکات.
ئەگەر ھیچ بەربەستێک بۆ ئەو ڕێککەوتنەی ھەر دوو وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت مانگانە بەبێ چوونی شاند بۆ بەغدا و ناردنی لیستی مووچە وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت بەبێ گرفت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خەرج بکات.
ڕۆژی یەک شەممە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر ھەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی ١٢ـی تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دا. بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و گەڕانەوەی نیوەی داھاتی نانەوتی بۆ بەغدا بیانوی بەشێکی زۆر لە لایەنە شیعەکانی نێو پەرلەمان نەھێشت، کە پێشتر دەیانگوت ڕادەست نەکردنی داھاتی نەوت ھۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانە، ئێستا وەزارەتی نەوت ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ کۆمپانیای سۆمۆ دەست پێکردووە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەست پێ بکاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ، ڕایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیان بەڕێکارەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە کردووە، ئاشکراشی کرد، ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا کراوە بۆ ئامادەکردنی بۆڕی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق و گەیاندنی نەوتەکە بە بەندەری جەیھان.
وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ، زیاتر گوتی: ڕۆژانە ئەو بڕە نەوتەی لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، کەمتر نابێت لە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل.
ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکەن، دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای بودجە قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدراڵ بۆ ئەوەی داھاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کورتھێنان کەم بکاتەوە. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ساڵی ٢٠٢٣ کە دەنگمان بە بودجەی گشتی عێراق دا، بۆ ئەوە بوو کە عێراق مووچە و بودجەی کوردستان ڕەوانە بکات، بەڵام بەداخەوە عێراق پابەندی ڕێککەوتن و یاساکان نەبوو و بەردەوام کێشە بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرا، ئێستا لەسەر کۆی ئەو کێشانەی پەیوەندی بە مووچە و بودجەی کوردستان و خانەنشینانەوە ھەیە ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە و مانگانە بەبێ کێشە بودجە و مووچەی کوردستان لە کاتی خۆیدا ڕەوانە دەکرێت.
هەمواری یاسای بودجە کۆمەڵێک بڕگە و ماددە لە خۆ دەگرێت و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە کە ئەم وردەکارییانەی تێدایە:

وردەکاری هەموارەکە ئەم بڕگانە لەخۆ دەگرێت:
١- وەزارەتی دارایی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت کە لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت، یان وەزارەتی فیدراڵی لە… نەوت بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی ڕاوێژکاریە دیاری دەکات.
٢- ئەو ڕاوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت و حیسابکردنی قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکوومەتی هەرێم.
٣- دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە بە تێکڕای (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باس كراوە.