سلێمان تاشان – ههولێر
یەکێک لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی بنیاتنانی دەوڵەت و نیشتمان ئەوەیە هێزێکی پتەو و پوشتە و پەرداخ و یەکگرتوو پارێزگاری لێ بکات، لە هەرێمی کوردستان ئەو هێزە هەیە بەڵام هێشتا بە تەواوی بە دامەزراوەیی نەکراوە و لە ژێر چەتری یەک فەرماندە و حکوومەتدا کۆ نەکراوەتەوە، ئومێدی گەیشتن بەو ئامانجە زۆر زیاتر بووە و باس لەوە دەکرێ تا کۆتایی ٢٠٢٦ هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگە دەبێت و کۆتایی بە هەر جۆرە چالاکییەک لە ژێر ناوی هێزەکانی حەفتا و هەشتادا دەهێنرێت.
ئەمە یەکێک بووە لە گرنگترین کێشەکانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتی کوردی بە دەستییەوە دەناڵێنێت، هەرچەندە هەنگاوی زۆر گرنگ لە پێناو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و داماڵینیان لە حزب نراوە .
کاتێک لە ساڵی ١٩٩١هەرێمی کوردستان ئازاد کرا، هێزی پێشمەرگە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی بەدی هات کە بریتی بوو لە ئازادی و دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی کە کورد خۆی تێیدا بڕیاربەدەست و باڵادەست بێت، لەو کاتەوە ئەرکی پێشمەرگە لە کاراکتەرێک بۆ ڕزگارکردنی کوردستان گۆڕاوە بۆ کاراکتەرێک کە ئەم جارە ئەرکەکەی پاراستنی کوردستانە.
دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەت ئەرکی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دیاری کرا، بەڵام بە کردەوە نەتوانرا ئەو ڕۆڵە بەرجەستە بکرێ و هێزی پێشمەرگە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ دوور نەخرایەوە.
سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەستی بەو پێویستییە کردووە کە دەبێت هێزی پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتدا بێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات و سەرۆک مەسعود بارزانی چەند جارێک پێداگری لەسەر ئەو ئامانج و ویستە کردووە کە یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان هەبێت.
ساڵانێکە هەنگاونان بۆ یەکخستنی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە و کۆمەڵێک لیوای پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕۆڵیان پێ سپێڕدراوە، ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەیش ماون کە لە دەرەوەی وەزارەتەکەن.
رۆژی سێشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فیرقەی سێ و چواری وەزارەتی پێشمەرگە، پێداگری لەوە کرد کە پێشمەرگە بەشێکی گرنگی ناسنامەی نیشتمانی بووە و دەستبەکاربوونی ئەو دوو فیرقەیە دەستکەوتە بۆ کوردستان و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەرچەندە دانی بەو ڕاستییە نا کە ههنگاوهكانى پڕۆسهى چاكسازى و یهكخستنهوهى پێشمهرگه، بهپێى خواست و چاوهڕوانیى ئەو نییه، بهڵام پێداگری کرد کە كار و ههوڵهكانى بۆ سهرخستنى ئهم پرۆسهیه ناوەستێت و بە هەموو وزە و تواناوە هەوڵ دەدەن و ئەم هێزانە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆ بکرێنەوە.
ئەم بۆنەیە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی جەنەڕاڵ کیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کە بایەخی نێودەوڵەتی لە هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە دەردەخات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگە لە دژی داعش دەستەبەری کرد ئامادەیە هاوکاری و مەشقی پێشکەش بکات و بەهێزتری بکات و یەکخستنی پێشمەرگە، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیش گەرەنتی دەکات.
لە لایەکی ترەوە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەش باسی لەوە کرد کە كارەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەگوێرەی پلان بەڕێوە دەچن و یەكخستنی پێشمەرگە بەشێكی سەرەكییە لە بەدەستهێنانی ئامانجەكان بۆ دروستكردنی سوپایەكی بەهێز و نیشتمانی و تەنانەت گوتی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە قۆناغی دژواری بڕیوە و تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بە یەکەکانی حەفتا و هەشتاوە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك دەخرێنەوە.
یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر تۆکمەتر و بەهێزتر دەکات.