سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازيى له‌ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتيی UN كرد

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/2/5 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌سسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوکاريی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەختیان لەسەر گرنگيی پاراستنى سەقامگیريی سیاسی له‌ عێراق كرده‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، پتەوکردنی هاريكاريى نێوان بەغدا و هەولێر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولايان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن به‌ پێويست زانى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گفتوگۆى لايه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، خرانە به‌ر باس. له‌مباره‌يه‌وه‌، داكۆكى لەسەر بەردەواميی پشتگیريی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و هاوکاری و هەماهەنگيی بەردەوامى نێوانيان کرايه‌وه‌.