گەنجێكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پلەی یەكەمی پاڵەوانیەتییەکی جیهانە

 

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

محەمەد ساڵح، خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە چەندین پاڵەوانێیەتی نێودەوڵەتی تایبەت بە هونەرە جەنگییەكان(MMA) بەشداری كردووە و سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، هەروەها خاوەن ڕیكۆردی جیهانییە، بە بەدەستهێنانی ١٧ پاڵەوانیەتی لە تەمەنی ٢٢ ساڵاندا وەك بچووكترین یاریزان لە سەر ئاستی جیهان. لە دوایین پاڵەوانێیەتیش كە لە ١٧ـی كانووی دووەمی ٢٠٢٥ لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو، محەمەد ساڵح توانیی پلەی یەكەمی پاڵەوانیەتییەكە بەدەست بهێنێت.
شێروان شەریف قورتاس سەرۆكی زانكۆی سۆران، پێشوازی كرد لە محەمەد ساڵح، یاریزانی هونەرە جەنگیەكان ناسراو بە MMAـی نێودەوڵەتی.
لە دانیشتنێكدا، سەرۆكی زانكۆ بەخێرهاتنی محەمەدی پاڵەوانی كرد و پیرۆزبای خۆی زانكۆی سۆرانی ئاراستەی ناوبراو كرد، بە بۆنەی سەركەوتن و بەدەستهێنانی چەندین نازناوی نێودەوڵەتی، لە پاڵەوانیەتییەكانی تایبەت بە هونەرە جەنگیەكان؛ هەروەها سەرۆكی زانكۆ، پەسنی دەستكەوتەكانی محەمەدی كرد، كە لە ماوەی بەشداریكردنی لە چالاكییە نێودەوڵەتییەكان بەدەستی هێناون و جەختی لە هەموو پشگیرییەكی زانكۆی سۆران بۆ ناوبراو كردەوە.
لە بەرامبەردا، محەمەد ساڵح، سوپاسی سەرۆكی زانكۆی سۆرانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێی كرا، جەختی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەدان بە تواناكانی، تاكو بتوانێت بە بەردەوامی بەشداری لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكان بكات و پلەی باش بەدەست بهێنێت.