ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: گەڕاندنەوەی خێزانەکانی کەمپی ھۆل بۆ باشووری مووسڵ، بۆمبێکی تەوقیتکراوە، گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بۆ ئەوەیە ئەمن و ئارامی دەشتی نەینەوا جارێکی دیکە تێک بدرێت و فشار و مەترسی بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان.
تا دێت وریاکردنەوە لەبارەی مەترسی کەمپی ھۆل لە سووریا دەدرێت، ئەو کەمپەی ھەزاران ماڵباتی چەکدارانی داعشی تیادایە و مەترسی گەورەی ئەمنی لەسەرە، بەوەی داعش سوود لە کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببینێت و پشێوی ئەمنی لەناو کەمپەکە دروست بکات.
کەمپی ھۆل گەورەترین کەمپی ژن و منداڵی خێزانەکانی داعشە لە ڕۆژئاوای کوردستان، نزیکەی ٧٠ ھەزار ژن و منداڵی لە دەیان ڕەگەزنامەی وڵاتانی دنیای تێدا ڕاگیراوە، لەو ژمارەیەش ئەوانەی بە ڕەگەز عێراقین، ژمارەیان دەگاتە ٢٠ ھەزار کەس و تائێستا نۆ ھەزار کەسیان بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە.
کەمپی ھۆل کە لە دوای کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی داعش کرایەوە، سەدان ھەزار خێزان و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە، بەشێک لەو کەمپە لەم ماوەیەدا بووەتە سەربازگەیەکی نھێنیی داعش و چەندان گرووپی چەکداری و ڕێنوێنیکاری تێدا دروست بووە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سێ جار لەسەر کەمپی ھۆڵ بەیاننامەمان دەرکردووە و داومانەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕەخنەمان لە کار و پلانی حکوومەتی فیدراڵ گرتووە، لەو کەمپەدا ٧٠ ھەزار ئەندام و خێزانی داعش ھەن، گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بۆ عێراق لە کاتێکدایە ھێشتا برینی ئێزدییەکان ساڕێژ نەبووە، حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە کەمپەکەدانە، گەڕاندنەوەی ئەوانە بۆ باشووری مووسڵ، بۆمبێکی تەوقیتکراوە ھەر کاتێک بیەوێت دەتەقێتەوە، جگە لەوەی زیانی بۆ ھەرێم ھەیە بۆ عێراقیش ھەیە و ھیچ کاتێک ئەو وڵاتە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقمان لەو مەترسییە ئاگادار کردووتەوە، گەڕاندنەوەی ئەندامانی داعش و کەسوکاری ئەوان لە کەمپی ھۆل، ھیچ سوودێکی بۆ عێراق و ناوچەکە نییە، جگە لە زیان گەیاندن بەو وڵاتە، ھەروەھا گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بۆ ئەوەیە ئەمن و ئارامی دەشتی نەینەوا جارێکی دیکە تێک بدرێت و فشار و مەترسی بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان، وەزیری کۆچ و کۆچبەران وەزیرێکی فاشیل و نەزانە و نایەوێت عێراق ئارام بێت، لە ھەمان کاتدا ئەگەر زەختێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەوان بێت، بۆ خەڵکی شنگال کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ئاوارە بوونە ناگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بۆیە ئەوەی حکوومەتی عێراق دەیکات پشتگیری کردنە لەو خەڵکەی کە لە کەمی ھۆل دەژین.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: باشترین چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی کە لەو کەمپە دەژین ئەوەیە ئەو کەسانە نەگەڕێندرێنەوە عێراق، ئەگەر بگەڕێندرێنەوەش بڵاوەیان پێ بکرێت و بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەش بکرێن، لەگەڵ ئەوەش بە دەیان داعش لە زیندانەکانی سووریادانە و ئەوانیش دەیانەوێت بگەڕێندرێنەوە، بەوەش مەترسی لەسەر عێراق و ناوچەکە زیاتر دەبێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، جەختیشی لەوەکردەوە: بە دەیان کچی ئێزدی لە کەمپی ھۆلدان، دین و زمانیان گۆڕیوە، بۆ ئەوانە ناگەڕێندرێنەوە و قەرەبووی خەڵکی ئێزدی ناکەنەوە، کەچی دەچن بە زۆر داعش و کەسوکاری تیرۆریستان دەگەڕێندرێنەوە عێراق و دووبارە ئەمنیەتی ناوچەکە تێک دەدەن.