شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاویان کرد لە ئەڵمانیا

 

پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نورمبێرگ و ڕێکەوتن لەسەر کاری پێکەوەیی بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠٢٥ بەمەبەستی دروستکردنی پێوەندی و وەرگرتنی شارەزایی لە بواری ئەرشیفکردن و بەدۆکیومێنتکردن و دامەزراندنی مۆنیومێنت، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی كوردستان سەردانی گرتووخانە و مۆنیومێنتی ( داخاو)یان لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد.

گرتووخانەی داخاو کە ساڵی ١٩٦٥ کراوەتە مۆنیومێنت و مۆزەخانە، نازییەکان لە ساڵی ١٩٣٣ دەستیان کردووە بە دروستکردنی و تا ساڵی ١٩٤٥ دەیان هەزار نەیاری رژێمی نازی لە بیروڕا جیاوازە سیاسی، ئایینی، نەتەوەییەکانیان تیایدا بەند کردووە و کوشتووە.
گرتووخانەی داخاو وەکو یەکێک لە سیمبوڵەکانی خۆڕاگری و دڵڕەقی، دەکرێت نموونەکانی لە هەرێمی کوردستان لە مۆنیومێنت و یادگارییەکانی قوربانیانی سەردەمی بەعس سوودی لێ وەربگیرێت و بەهەمان شێوەی گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاو ببنە شوێنێک بۆ پەروەردەی نەوەی نوێ و بەربەستێک بۆ دووبارەنەبوونەوەی دڕندەیی و تاوانەکانی لەو جۆرەی کە رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامیان داوە.
شایانی وتنە شاندەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبوو لە هەریەکە لە راوێژکاران کامەران عەبدوڵڵا و محەممەد خدر و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەدیب لەتیف و سیروان عەزیز و کەریم کاوە رایەتی.