لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا (کاپیتۆل هێل) بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی تایبەتی لوتکەی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی، کە وەزیران و سەرکردەکان لە سەرتاسەری جیهان ئامادەبوون بەڕێوە چوو.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە خراپی دۆخی ئێستای کریستیانەکان و ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە کرد، بە تایبەت لە دەشتی نەینەوا، کە لە ژێر هەژموونی گرووپە ملیشیاکان خەریکە مەسیحیەكان پاکتاو بکرێن.
ڕایگەیاند؛ دۆخی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەرگای کراوەتەوە بۆ گشت پێکهاتەکان، هەروەها ئەم هەرێمە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ کریستیانەکان وگشت پێکهاتەکانی دیکە، بۆ ئەمەش شارۆچکەی عەنکاوەی بە نموونە هێناوەتەوە و دەڵێت: بە گەورەترین شاری کریستیانەکان دادەنرێت لە عێراق و کوردستان، پێش 2003 تەنیا دوو کلێسای تێدابوو، بەڵام ئێستا 17 کلێسا و دێر لە خۆ دەگرێت، ئەمەش بەڵگەی حاشا هەڵنەگری پێکەوەژیانە لە کوردستان.
وتیشی؛ میلیشیاکان کەوتوونەتە زەوت کردنی نوێنەرایەتی سیاسی کریستیانەکان لە دەشتی نەوینەوا.
ئانۆ جەوهەر، داوای لە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئامادەبوو کرد، حکوومەتی عێراق پابەند بکەن، بە داواکارییەکانی کریستیانەکان و هاوپەیمانی مەسیحی بە دەرکردنی میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا و گۆرینی سیستەمی هەڵبژاردن، کە تاکە ڕێگەیە بۆ سنووردانان و ڕێگری لە پەلاماردانی کریستیانەکان.
دواتریش جەختی لە جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق کردەوە و گوتی: بە جێبەجێ کردنی ئەم ماددەیە گواستنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان بۆ دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
باسی لە مێژووی کریستیانەکان کرد لە کوردستان و عێراق، کە بە یەکێک لە دێرینترین پێکهاتەی کۆمەڵگە دادەنرێن ڕیشەکەی بۆ ساڵی 92 زایینی دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی مەترانێک ریسامەت کرا لە قەڵای هەولێر و بە ڕاستەخۆیی لە لایەن حەواریرەکانی مەسیح بانگهێشتی مەسیحیەتییان پێ گەیشتووە.
هەروەها باسی لە جێنۆسایدی کریستیانەکانی کرد، لە سەیفۆ 1915، سیمێل 1933، سووریا 1969، دواتر شاڵاوی ئەنفال و پاشان کوشتنی کریستیانەکانی عێراق لە لایەن قاعیدە و ڕێکخراوی داعشەوە.