سەندیكای پارێزەران راگەیەنراوێك لەبارەی هێرشكردنە سەر پارێزەرێك بڵاو دەكاتەوە

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی رووداوی هێرشكردنە سەر پارێزەرێك لە شاری هەولێر بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت كە ئەم تاوانە بە توندی ئیدانە دەكەن و جێگەی قبووڵكردن نییە.

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە راگەیەنراوەكەدا رایگەیاند “بەداخەوە ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتێکدا پارێزەر (سیهاد عەبدولکەریم) بۆ ئەنجامدانی پیشەکەی پارێزەرایەتی سەردانی دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێری کرد، لەناو ژووری دادوەری لێکۆڵینەوە لەلایەن سێ پاسەوانی دادوەرانی دادگای دەشتی هەولێر هێرشی کرایە سەر و خەڵتانی خوێن کرا”.

راشیگەیاند “وەک سەندیکای پارێزەران بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین و بە هیچ شێوەیەک جێگای قبووڵکردن نییە کە بەداخەوە لەلایەن کەسانێک ئەنجامدراوە کە جێبەجێکردنی یاسا و سەروەرییان لە ئەستۆیە”.

هەروەها رایگەیاند “لەگەڵ روودانی ڕووداوەکە، سەرۆکی سەندیکا بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کرد و سکاڵا لەسەر هێرشبەران تۆمار کرا و نوێنەری سەندیکا بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرا”.

سەندیكای پارێزەران ئاماژەی بەوەش دا “وەزیری ناوخۆ بڕیاری دا بە ڕاگرتن و بەندکردنی سێ پاسەوانی دادوەرەکان و دادگای تێهەڵچوونەوەش رێکاری یاسایی بەرامبەر هێرشکاران و هاندەرانی دەگرێتە بەر”.

جەختیشی كردەوە كە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەردەوامە لە بە بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەریی و وەزارەتی ناوخۆ بۆ سزادانی گشت ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەنجامدان و هاندانی ئەو تاوانە هەبووە.

داواشی كرد ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ بە زووترین کات، بۆ سزادانی کۆتایی ئەنجامدەران و هاندەرانی پەلە بکەن لە رێکارەکانیان