سەرۆک وەزیران: هیواخوازین هەمواری یاسای بودجە ببێتە هۆی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا

سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی حکوومەتدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە ، هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.