نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە لە جیهاندا بووە بە سیمبوڵی ئازایەتی و مایەی شانازیی گەلی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوو فیرقەی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی نیشتیمانی ناوبرد.

سێشەممە، 4ـی شوباتی، 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فیرقەی سێ و چواری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند “پێشمەرگە تەنیا هێزی سەربازی ئاسایی نییە، بەڵکو هەمیشە هێمای قارەمانیێتی و فیداکاری و پارێزەری ئاسایشی کوردستان و  بەشێکی گرنگی ناسنامەی نیشتمانیمان بووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی لەژێر فەرماندەیی سەرۆک بارزانی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنێت.”

سەرۆکی هەرێم گوتیشی: پێشمەرگە لە جیهاندا  بووە بە سیمبوڵی ئازایەتی و مایەی شانازیی گەلی کوردستان، لەناو هەموو گەلانی جیهان، ناوی پێشمەرگە وەک جەنگاوەرێک قارەمان لە پێناو پاراستنی مرۆڤایەتیدا دەرکەوت، دەستبەکاربوونی فیرقەی سێ و چوار دەستکەوتە بۆ کوردستان و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانیی یەکگرتوو.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: سوپاسی هاوپەیمانانی نێودەڵەتی دەکەین، لەسەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا، لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لەڕووی مەشق و ڕاهێنان و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

سەرۆکی هەرێم باسی لەوەش کرد، ئەم دەستکەوتە، نیشانەی ئیرادەی پتەومان و بەرهەمی ئەو قوربانییە گەورەیەیە، کە گەلی کوردستان و پێشمەرگە لە ماوەی چەندین دەیە پێشکەشیان کردووە.