سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا (کاپیتۆل هێل) بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی تایبەتی لوتکەی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی، کە وەزیران وسەرکردەکان لە سەرتاسەری جیهان ئامادەبوون بەڕێوە چوو.
لە دوای نوێنەرانی وڵاتانی ئۆکرانیا وئەرمینیا وئیسرائیل، وەزیری گواستنەوە وگەیاندن، وەک نوێنەری مەسیحیەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی مەسیحی، تیشکی خستە سەر مێژووی کریستیانەکان لە کوردستان وعێراق، کە بە یەکێک لە دێرینترین کۆمەڵگای مەسیحی دادەنرێن، کە لە ساڵی 92 زایینی، مەترانێک ریسامەت کرا لە قەلای هەولێر، کە ئەم کۆمەڵگایە بە راستەخۆیی لە لایەن حەواریرەکانی مەسیح دەعوەتی مەسیحیەتییان پێ گەیشتووە، هەروەها باس لە جێنۆسایدی کریستیانەکانی کرد، لە سەیفۆ 1915، سیمێل 1933، سووریا 1969، جینۆسایدی شاڵاوی ئەنفال و دواتر باسی جینۆسایدی کریستیانەکانی کرد لە لایەن قاعیدە ودواتر داعش ئەنجامدرا.
گوتیشی: دۆخی ئێستای کریستیانەکان وئێزیدیەکان وپێکهاتەکانی دیکە، بە تایبەت لە دەشتی نەینەوا، کە چۆن ملیشیاکان ڕۆلی تێکدەری گەورەیان هەیە لەم ناوچەیە دژ بە کریستیانەکان وپێکهاتەکانی دیکە، هەروەها میلیشیاکان خەریکە مەسیحیەكان بخنکێنن لە عێراق ودەشتی نەینەوا، چۆنیەتی زەوت کردنی نوێنەرایەتی سیاسی کریستیانەکان لە لایەن میلیشیەکان بابەتی دیکەی قسەکانی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوون.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، دۆخی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەرگای کراوەتەوە بۆ گشت پێکهاتەکان، هەروەها ئەم هەرێمە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ کریستیانەکان وگشت پێکهاتەکان. بە نموونە ئەمرۆ شاری عەنکاوە کە بە گەورەترین شاری کریستیانەکان دادەنرێت لە عێراق و کوردستان، پێش 2003 تەنها 2 کەنیسەی تێدابوو، بەڵام ئێستا 17 کەنیسە ودێر لە خۆ دەگرێت، ئەمەش بەڵگەی حاشا هەڵنەگری پێکەوەژیانە لە کوردستان.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا وەزیری گواستنەوە وگەیاندن، داوای لە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئامادەبوو کرد، حکوومەتی عێراق پابەند بکەن، بە داوەکارییەکانی کریستیانەکان وهاوپەیمانی مەسیحی بە دەرکردنی میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا و گۆرینی سیستەمی هەڵبژاردن، کە تەنیا ڕێگا بە مەسیحی بدرێت دەنگ بە مەسیحی بدەن، تاوەکوو ڕێگا بگیرێت لە دەستدرێژی میلیشیاکان، هەروەها باردۆخی ناوخۆی کریستیانەکان، پێویستیی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقی، لە پێناو گواستنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بۆ دەشتی نەینەوا ودەڤەرەکانی دیکەی عێراق.