سلێمان تاشان – ههولێر
شەوی دوو لەسەر سێی شوبات دوای ماوەیەک لە بێدەنگیی میلیشیاکان و گرووپە لە یاسادەرچووەکان، لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و هەرچەندە هیچ زیانێک بەر کێڵگەکە و دانەگاز نەکەوتووە و بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، بەڵام هەنگاوێکی مەترسیدارە لە دژی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان و درێژەی ئەو هێرشانەیە کە لە ڕابردوودا کراونەتە سەر کێڵگەکە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر کێڵگەیەکی ستراتیژیی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان کە سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لە هەرێمی کوردستان و لە هەمان کاتدا غازی ماڵان دابین دەکات. هێرشەکە یەکەم جار نییە دەکرێ و لەوەتەی ساڵی ٢٠٢٢ەوە میلیشیاکان چەند جارێک بە ئامانجی لێدان لە ئابووریی کوردستان ئەو جۆرە هێرشانەیان دووبارە کردووەتەوە
هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە چەند سەعاتێک دوای ئەوە ڕووی دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکان لە بەغدا لە دانوستاندا بوون و هەر ئەو ڕۆژەیش مادەیەکی گرنگی یاسای بودجە هەموار کرایەوە کە پێوەندی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبوو و چاوەڕوان دەکرێ دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پچڕانی هەناردەی نەوت، دووبارە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە و شایستە داراییەکانی کوردستان دابین بکرێت. هەر ئەو کات دژە تیرۆری کوردستان رای گەیاند کە هێرشەکە لە لایەن گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە.
زیانبارترین هێرشی میلیشیاکان کە کرابێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بۆ ٢٦ی نیسانی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە بەهۆی هێرشێکی درۆنی چوار کارمەندی یەمەنی کە لەو کێڵگەیە کاریان دەکرد کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، جگە لەمە بۆ ماوەیەک بەرهەمهێنانی کارەبا وەستا و نزیکەی دوو هەزار و پێنجسەد مێگاوات کارەبا لە بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بوویەوە.
لە ٢٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەم جار ئەو کێڵگەیە بووە ئامانجی تیرۆریستان و میلیشیاکان و ئەو کات بە مووشەک هێرشی کرایە سەر. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣یشدا، بۆمبێکی چێندراو لە نزیک کێڵگەی کۆرمۆر تەقییەوە، لە ٣٠ ئابی هەمان ساڵ بە چەند مووشەکێک کێڵگەکە کرایە ئامانج. لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ جارێکی دیکە بە مووشەک هێرش کرایە سەر کۆرمۆر و وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا خوێناویترین هێرشیش لە ٢٦ی نیسان ڕوویدا و بە هێرشەکەی یەکشەمی ڕابردووەوە بۆمان دەردەکەوێت لە سێ ساڵی ڕابردوودا لانی کەم شەش جار هێرش کراوەتە سەر ئەو کێڵگە گرینگەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کوردستان.
کێڵگەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکات. ڕووبەری کێڵگەکە دەگاتە سەد و سی و پێنج کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی گازە سرووشتییەکەی بە زیاتر لە حەڤدە تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت.
لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کۆمپانیای دانەگاز وەبەرهێنانی لە کوردستان کردووە و ساڵ بە ساڵ پەرەی زیاتری بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی داوە و لە ساڵی ٢٠١٨ بەرهەمهێنانی گازی گەیاندە سێسەد و پێنج ملیۆن پێ سێجا بووە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمهێنان لە نیو ملیۆن تێپەڕی کرد و ئێستایش بەرەو بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن پێ سێجا هەنگاو بنێت.
هەرچەندە هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی بە ئەستۆ نەگرتووە بەڵام وا پێدەچێت ئەوەی ڕوو دەدات درێژەی هێرشەکانی ڕابردوو بێت کە ئامانجەکەی لاوازکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەسەندنی کوردستانە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت بۆشایی ئەمنیی سنوورەکە کە لە پارێزگاکانی عێراق نزیکە پڕ بکرێتەوە و هەنگاوەکان بۆ نەهێشتنی گرووپە میلیشیاکان چڕتر بکرێنەوە کە زیانیان بە بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراق گەیاندووە.