سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: بەغدا دەبێت لە خەرجی سیادە قەرەبووی حکوومەتی هەرێم بکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای ٢٢ مانگ لە ڕاگرتنی لە پەرلەمانی عێراق بەرگێکی یاسایی بەر ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا کرا، بەپێی ھەمواری یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٥، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات. سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھیچ بەربەستێک لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە، دەبێت حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە ماددەی ١٢ کە ھەموارکراوەتەوە، نەک تەنیا مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکات، بەڵکو پێویستە تەواوی بەشەکانی بودجە ڕەوانە بکات، بەوەش زۆربەی کێشە داراییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە دەبن.

ڕۆژی یەک شەممە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر ھەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی ١٢ـی تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، نرخی دەرھێنانی نەوت لەنێو ھەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق بە ١٦ دۆلار دیاری کراوە، ئەمەش تەنیا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژە، چونکە لەو ماوەیەدا دەستەیەکی ڕاوێژکاری نرخی تێچووی دەرھێنانی نەوت دیاری دەکات. ھەمواری یاسای بودجە زیاتر لە ١٩٠ ملیۆن دۆلار بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان زیاد دەکات، ئەو بڕە پارەیەش پاش خەمڵاندنی لایەنێکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
بەگوێرەی ھەمواری یاسای بودجە تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ھەر کێڵگەیەک بەجیا ھەژمار دەکرێت و نرخێکی نەگۆڕ بۆ ھەموو کێڵگەکان دیاری ناکرێت، ئەوەش داواکاری بنەڕەتی ھەرێمی کوردستان بوو بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق لە خەرجی سیادی قەرەبووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە دۆسیەی پەیوەست بە ھەناردە و گواستنەوەی نەوت کە ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێت، ھاوکات بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی ھەناردە و گواستنەوەی نەوت لە ھەر کێڵگەیەکی نەوتیدا دیاری دەکرێت.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: پێشوازیی لە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ھەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین، دەستخۆشی لە ھەموو ئەوانە دەکەین کە ھاوکاربوون لە سەرخستنی ھەموارکردنەکە.
سەرۆک وەزیران، نووسیوویەتی: سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، گوتیشی: ھیوادارین ئەم ھەنگاوە ئەرێنییەی ھەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکوومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە پەسەندکردنی ھەمواری یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە دەکات، بەتایبەتیش کە پەرلەمان ڕەشنووسەکەی حکوومەتی وەک خۆی پەسەند کردووە، داوا لە ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دەکەین ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ، دەست بە جێبەجێکردنی ھەموارەکە بکەن، ئەوەش بە ئامانجی وەبەرھێنانی نموونەیی لە کەرتی نەوت و گرنگی ڕۆڵی ئەم کەرتە لە پشتیوانی ئارامیدا، بۆ پشتیوانییان لە ڕوانگە و پڕۆژەکانی حکوومەت، سوپاسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتاران دەکەین.
ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکەن، دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای بودجە قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدراڵ بۆ ئەوەی داھاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کورتھێنان کەم بکاتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: دوای ماوەیەکی زۆر گفتوگۆ لە نێوان فراکسیۆنەکان لە پێناو دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای بودجەی گشتی درا، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەوەش زۆربەی کێشە داراییەکانی ھەولێر و بەغدا چارە دەبن.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: لەسەر ئەو دەقە ڕێککەوتووین و پەسەند کرا کە حکوومەت لەسەرەتاوە ڕەوانەی پەرلەمانی کردبوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھیچ بەربەستێک لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نەماوە، تەنیا ماوە ڕێکارە یاسایەکان بگیرێنەبەر، بەگوێرەی دەستوور، سەرۆککۆمار لە ڕۆژێک بۆ ١٥ ڕۆژ کاتی لەبەردەمە بۆ ئیمزا کردن لەسەر ھەموارەکە، دواتریش لە تازەترین ژمارەی ڕۆژنامەی وەقائع بڵاودەکرێتەوە و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: دەبێت حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە یاساکە و تەواوی ئیلتیزامە داراییەکانی بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان، لە ھەموو ئەو مافانەی کە ھەرێمی کوردستان لە بودجەدا ھەنە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ھەر یەک لە سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا و گرووپی یوسف کیلابی، دەیانویست بە مەرج ھەموارەکە تێپەڕێنرێت، مەرجەکەشیان ئەوە بوو دەبێت یاسای حەشدی شەعبی بخرێتەوە خشتەی دانیشتنەوە کە خۆی تێیدا نەبووە، دواتر دەنگ بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام بڕیار درا ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمان کۆبێتەوە و یەکەم بڕگە بریتی بێت لە خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، ئەوکات ئەوان ڕازی بوون دەنگ بە ھەمواری یاسای بودجە بدەن، لەمەودوا ھیچ بەربەست و بەھانەیەک لەبەردەم حکوومەتی ئیتحادی نەما کە پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکات.