فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر کرد

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ٣-٢-٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە ستیڤ بینتەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان، بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی گفتوگۆی لەسەرکرا.

ھەروەھا فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری سەبارەت بە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ھەمواری یاسای بوودجەی گشتی فیدڕاڵی ئاماژەی بەوەدا کە ھەنگاوێکی گرنگە و ھەوڵدانە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.

لەلای خۆیەوە ستیف بینتەر تەئکیدی کردەوە کە یەکڕێزی و یەک ھەڵوێستی ھێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێتە مایەی ڕاکێشانی سەرنج و ھاوسۆزی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ بەردەوامیدان بە ھەماھەنگی و ھاوکارییکردنی نێوان ھەردوولا.