لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دزێك دەستگیر كرا كە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی دەدزی و دوای تەواوبوونی بەنزین یاخود لەكاركەوتن، ئۆتۆمبێلەكەی بەجێدەهێشت.
پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردەوە “تۆمەتبارێکمان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن دەستگیر کرد، ئەم تۆمەتبارە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر هەڵسابوو بە دزینی پێنج ئۆتۆمبێل”.
بڵاویشی كردەوە “تۆمەتبار کە هەریەک لەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ ماوەی سێ تا چوار ڕۆژ لای خۆی هێشتبووەوە و کاری ڕۆژانەی پێ ئەنجام دابوو، دواتر کاتێک ئۆتۆمبێلەکە بەنزینی لێ بڕابوو یاخود لەکارکەوتبوو، بەجێیهێشتبوو”.
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند “بە ماوەیەکی زۆر کەم توانیمان تۆمەتباری سەرەکی ئەم تاوانە دەستنیشان بکەین و پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبار دەستگیر کرا و ڕادەستی دادگا کرا”.