شاخەوان عەبدوڵڵا: ئیمزا لەسەر گەڕانەوەی زەوی و موڵکی هاوڵاتییانیی کورد کرا

دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هیچ بەربەستێکی یاسایی لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان نەما و دەست دەکرێت بە هەناردەکردنەوەی.
لەسەر بابەتی گەڕانەوەی زەوی و موڵکی هاوڵاتییانی کوردی کەرکووک، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: دوێنێ ئیمزا لەسەر گەڕانەوەی زەوی و موڵکی هاوڵاتییانیی کورد کرا و دەچێتە سەرۆکایەتیی کۆمار، دواتر دەچێتە وەزارەتی دادی عێراق و بڵاو دەکرێتەوە.
هەر دوێنی، یەکشەممە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئێمەی ڕایگەیاند “ئەمساڵ وەکو ساڵی ڕابردوو نابێت و پشتگیریی شاندی هەردوولا دەکەم”.
یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.