سەنتەرێکی ئەمەریکی: کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی یەکخستنی هەڵوێستی کورد بوو

سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی باس لەوە دەکات؛ کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی هەنگاوێکی نموونەیی بوو بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد.

سەنتەری ستیمسۆنی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەلێکی گرنگ و مێژووییدان بۆ سەقامگیریی و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی سووریا، چونکە پەیوەندییەکی جوگرافی و مێژوویی قووڵیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە.

بەگوێرەی سەنتەری ستیمسۆن، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی قووڵ و گرنگی لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا هەیە، چونکە لەکاتی شۆڕشی سووریا، پێشوازیی لە هەزاران کوردی ڕۆژاوا کردووە.

ئەو سەنتەرە باسی  لەوەش کردووە، هەبوونی ناکۆکی لەنێوان کوردانی ڕۆژاوا بووەتە بەربەست بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق وەکو یەک تیم، بەڵام دوایین کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی هەنگاوێکی نموونەیی بوو بە ئاراستەی یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە سووریا.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە داڤۆس، ستیمسۆن ڕایگەیاندووە “بناغەیەکی گرنگ بوو بۆ دەست پێ کردن و دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان هەردوولا.”

ڕۆژی پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاویکردەوە. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

لایخۆشیەو، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ “کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو”.