ئێزدییەکان جەژنی چلەی زستانیان پیرۆز کرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کوردانی ئێزدی لە ڕۆژی ٢ شوبات جەژنی چلەی زستانیان پیرۆز کرد، پاش ئەوەی کە ئەنجوومەنی ڕوحانی ئێزدی و کەسایەتییە ئاینییەکانی بۆ ماوەی چل ڕۆژ ڕۆژوو بوون و پێیان دەگوترێت چلەگر، لە ئایینی ئێزدییەکان ھەشت جەژن ھەن.

پیاوانی ئایینی، دەروێش و بەشێک لە بڕوادارانی ئایینیی ئێزدی بە بۆنەی چلەی زستانەوە لە ٢٤ـی کانوونی یەکەمەوە تاوەکو ١ـی شوبات، بە ڕۆژوو دەبن و لە دووی شوبات دا دەیکەن بە جەژن.
لە فەرھەنگی ئێزدیدا، ئەوانەی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لەسەر یەک، لە ھەردوو چلەی زستان و ھاوین بە ڕۆژوو دەبن، پێیان دەگوترێت “چلەگر”.
تەواوی ڕێورەسمەکانی جەژنی چلەی زستان لە پەرستگەی لالش بەڕێوە دەچن و ئەنجومەنی ڕوحانی ئێزدی و کەسایەتییە ئاینییەکانی ئێوارەی ڕۆژی جەژن سەمایەکی ئایینیان کرد.
لە ماوەی جەژنی چلەی زستاندا، کوردانی ئێزدی سەردانی پەرستگەی لالش دەکەن، بەسەر پردی سەڵاتدا دەڕۆن و دەچنە کانیا سپی بۆ ئەوەی دەست و دەموچاویانی پێ بشۆن. ھەر لەوێ سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانیان دەکەن، جەژن لە یەکدی پیرۆز دەکەن و سەردانی بابە شێخ دەکەن بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێ بکەن، ھەروەھا شیرنی و خواردن دەگۆڕنەوە.
ئێزیدی خاوەنی ئایینێکی تایبەتن و زۆربەی ئێزیدییەکانی جیھان، لە ھەرێمی کوردستانن، لە دەڤەری شێخانی نێوان موسڵ، پارێزگای دھۆک و دەڤەری شنگالی سەر سنووری سووریادا دەژین، یەکەم پەرستگەی ئێزیدی “لالش”ـە، پەرستگەی ھەرە پیرۆزی ئێزیدییەکانە، دەکەوێتە نێوان دۆڵێکی سێ چیای گەورە، پڕە لە دار و درەخت و سەوزایی، دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی ھەیە. وشەی “لالش” لە دەقی ئێزیدییەکان بە واتە “ھەوێنی زەوی” دێت، بە زمانی ئاڤێستایی واتەی “لالە” واتەی چرا و ڕووناکی گەش دەگەیەنێت، ھەموویشی پێکەوە واتەی (چرای گەش یان سەرچاوەی ڕوون) دەبەخشێت.
ئێزیدییەکان دوو کتێبیان ھەیە “جەلوە” و “مەسحەفا ڕەش”، کتێبی “جەلوە” شێخ حەسەن دایناوە، ئێزیدییەکان ٨ جەژنیان ھەیە، “جەژنی سەری ساڵ، جەژنی چلەی ھاوین، جەژنی چلەی زستان، جەژنی جەمای، جەژنی ڕۆژووی ئێزیدی، جەژنی بێلندا، جەژنی خدر لیاس، جەژنی قوربان”.