دەنگدانەوەی لێدوان و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە میدیا جیهانییەکاندا و بەشی ئینگلیزیی ڕۆژنامەی (ئیستیقلال) كە ڕۆژنامەیەكی عەرەبییە بە گربگییەوە باسی لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی کردووە و وەک گرنگترین کۆبوونەوە ناساندوێتی.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی (یەکگرتوویی کورد، دیمەنی سیاسی لە سووریای نوێ دەگۆڕێت) ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی کردووە و دەڵێت؛ ئەم کۆبوونەوەیە بە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکان دادەنرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سووریا لە قۆناغی گۆڕانکارییەکی سیاسیی گەورەدایە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.”
لەو بارەیەوە زیاتر دەڵێت : ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە یەکخستنی بەرەی کوردی لە سووریا و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا. هەروەها مەزڵووم عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە کە نێوەندگیری لەگەڵ تورکیا بکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات. هەروەها باسیان لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە پێگەی کورد لە سووریا دەبێت یەکگرتوو بمێنێتەوە. هەروەها باسی ئەوە کراوە کە کوردەکانی سووریا دەرفەتی زێڕینیان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی داهاتووی سووریا بگێڕن.”
ئەوەش خراوەتەڕوو؛ کۆبوونەوەکە دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا و پەیوەستکردنیان بە پرۆسەی سیاسیی نوێی سوریاوە. هەروەها دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی کاریگەریی (پەکەکە) لەسەر کوردەکانی سووریا و عێراق بگێڕێت.
لە راپۆرتەكەدا شرۆڤەکاری سیاسی بەهائەدین بەرزنجی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە هێزە کوردییەکان لە سووریا خۆیان لە پەکەکە دوور بخەنەوە.
بەرزنجی، ئاماژەی بەوە داوە کە سەردانی مەزڵووم عەبدی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە، ئەمەش لە بەرامبەردا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریادا خولقاندووە.
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: “پاراستنی پەیوەندیی کوردانی سووریا لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە ئێران، یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان لەگەڵ دیمەشق.”
ئاماژەی بەوەش کردووە: کە هەم ئێران و هەم ئەو لایەنانەی نزیکن لە ئێرانەوە تا دێت لەلایەن سەرکردایەتیی ئێستای سووریا و ئەمریکاوە ڕەت دەکرێنەوە.”
هەروەها دەشڵێت:” لەبەرامبەردا بارزانی وەک کەسایەتییەکی جێی متمانە و قەبووڵكراو لەلایەن تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتە عەرەبییەکانەوە سەیر دەکرێت، کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیی سووریا بگێڕێت.”
بەرزنجی، دەشڵێت: “پێدەچێت ئەمریکا هانی سەرۆك بارزانی بدات بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی کاروباری کورد لە سووریا، ئەویش وەک گەرەنتییەک لە دانوستانەکان لەگەڵ هەردوو تورکیا و حکوومەتی نوێی سووریا.”
پێشبینیی ئەوەشی کردووە کە ڕەنگە لە ئێستاوە کۆدەنگییەکی تورکی – ئەمریکی بۆ پشتگیریکردن لەم پرۆسەیە هەبێت.