ڕائیب جادر – هەولێر
بە ھەوڵ و ماندووبوونی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەو ١٧ ھەزار کەسەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا وەکو فەرمانبەر دادەمەزرێن، ھەزار کەس لە خەڵکی شنگال دەبن، ٦٥٠ کەس لە شنگال و دەوروبەری، ٣٥٠ کەسیش لەناو کەمپەکان دادەمەزرێن.
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێش ماوەیەک نووسراوێکمان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، وەکو فراکسیۆنی پارتی داوامان کرد لە کەرتی پەروەردە سەدان کەس دابمەزرێن، چونکە ئەو کەرتە لە سنووری شنگال لەڕووی میلاکاتەوە زۆر کێشەی ھەیە، ھەر ئەو کات ڕامان گەیاند ٦٥٠ کەس بۆ شنگال و دەوروبەری، ٣٥٠ کەسی دیکەش بۆ ناو کەمپەکان.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: خۆشبەختانە وەڵامی نووسراوەکەی ئێمە درایەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو دەرچووانەی ناویان نووسیوە دادەمەزرێن، بەوەش ڕێژەی بێکاری تا ڕادەیەکی باش لە ناوچەکە کەم دەبێتەوە.