سلێمان تاشان – ههولێر
ژینگەی هەولێری پایتەخت ساڵ بە ساڵ پیستر دەبێت و ئەوانەی لە هەولێر دەژین زیاتر هەست بەو گۆڕانکارییە دەکەن کە لە ژینگەی شارەکەیان ڕوویداوە و ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزرێتەوە و پێشی پێ نەگیرێت ئەوا ژینگەی شارەکە لە ساڵانی داهاتوودا زۆر خراپتر دەبێت و دەرهاویشتەی مەترسیداری بەدواوە بێت.
هەندێک ڕۆژ بە تایبەتی کاتێک ڕێگات دەکەوێتە شەقام و گەڕەکەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەولێر هەست بە بۆنێکی ناخۆش و هەبوونی دووکەڵێکی چڕ بە ئاسمانەوە دەکەی و لە هەندێک ساتدا ئەو دووکەڵە ئەوەندە لە زەوی نزیک دەبێتەوە کە هاوشێوەی تەمێکی دوای باران دەردەکەوێت. هەندێک ڕۆژ دووکەڵی پیس تەنانەت ناوچە بەرزاییەکانی وەک ڕێگای کەسنەزان و شەقڵاوەشی گرتووەتەوە و خەڵک بە نیگەرانییەوە لە ژینگەی شارەکەیان دەڕوانن.
لە ماوەی نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوو هەولێر یەکێک لەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بووە کە بە خێرایی گەشەی سەندووە و لەسەر نەخشەی سیاسیی، ئابووری، کلتووری جیهان زیاتر بەرجەستە بووە. بەڵام ئەو پێشکەوتنە هەندێک ڕۆڵی نەرێنیشی بە شارەکە بەخشیوە و هاتووەتە ڕیزی ئەو شارە گەورە و پێشکەوتووانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە پیسکردنی ژینگە.
گەشەی خێرای ئەم شارە ئەگەر لە لایەک بووبێتە هۆی خوڵقاندنی هەلی کار و جووڵەی بازاڕ و بووبێت بە شارێکی پڕ جموجۆڵ کە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و لە ئەفریقا و ئاسیاوە خەڵکی بازرگان و کرێکار و سیاسەتمەدار و هونەرمەند و خەڵکی جیاواز ڕووی تێکەن ئەوا لە لایەکی تر هەموو شارێک کە پێش دەکەوێت کۆمەڵێک دەرهاویشتەی خراپیشی دەبێت کە ئەم پێویستییە دەهێنێتە کایەوە بەرپرسانی حکوومەت لەگەڵ بیرکردنەوە لە گەشەی شارەکە بیر لە کاریگەرییە خراپەکانیشی بکەنەوە.
لە ئاستی جیهاندا وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان بە گرنگترین هۆکاری پیسبوونی ژینگەش هەژمار دەکرێن شارە گەورەکان بە قەدەر جوانیی و پێشکەوتنیان ڕۆڵی خراپیشیان بۆ پیسکردنی ژینگە هەیە. بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەی پیشەسازی و پاڵاوگە و چالاکی ئابووری و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر، هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەش زیاد دەکات.
بەشێک لەو وڵاتانە ڕێوشوێنی جیاوازیان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر پیسبوونی ژینگە داناوە و لە سەرجەم ڕەهەندەکانی وەک دابینکردنی وزەی پاک، پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی، بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی بەرهەمهێنان، بەرزکردنەوەی کوالێتیی سووتەمەنی و دانانی فیلتەر و پەرەپێدانی سەوزایی و دەیان ڕێکار و ڕێوشوێنی تر بەرەو ئەوە ئامانجە هەنگاو دەنێن وێڕای ڕێگریکردنی لە پیسبوونی ژینگە دۆخەکە پێچەوانە بکەنەوە و لە کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان لە هەوا ڕۆڵ بگێڕن.
لە هەولێر هەر چەندە هەندێک هەنگاوی بۆ هەڵێنراوە بەڵام هەنگاوەکان لە بەرانبەر هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لاوازن. کۆمەڵێک کێشەی جددی هەن کە کاتی ئەوە هاتووە چارەسەریی جیددیشیان بۆ بدۆزرێتەوە. لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەت دەستی بە داخستنی بەشێک لەو پاڵاوگە نایاساییانە کرد کە ڕۆڵیان هەیە لە پیسبوونی ژینگە بەڵام دۆخەکە ئەوە دەخوازێت پلانەکان خێراتر جێبەجێ بکرێن و کۆتایی بە هەبوونی هەر جۆرە پاڵاوگەیەکی نایاسیی بهێنرێت.
لە هەولێر تا ئەم ساتەش ئۆتۆمبێل بە لێشاو هاوردە دەکرێت و شەقام و کۆڵانەکان بە هەبوونی ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە خنکێنراون و نەتوانراوە پەرە بە گواستنەوەی گشتی بدرێت و شارەکە هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکان خاوەنی ترام و سیتی پاس و خزمەتگوزاریی پێشکەوتووی گواستنەوە نییە و خەڵک ناچارە بۆ هەر چوونەدەرەوەیەک سوود لە ئۆتۆمبێلەکانیان وەربگرن کە وێڕای پسیکردنی ژینگە سامانێکی زۆریش بە فیڕۆ دەدەن.
هەولێر کە دە ساڵ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتە جیهانییەکانی پیسبوونی ژینگە ناوی نەدەهات چەند ساڵێکە لە لیستی ئەو ڕێکخراوانەیشدا وەک شارێکی نوێ و هۆکار لە پیسبوونی ژینگە ناوی دەهێنرێت. بۆ نموونە لە ڕاپۆرتێکیاندا ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی “گرین پیس” هەشت شاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی وەک پیسترین شاری جیهان دەستنیشان کرد کە لەڕێگەی ڕێژەی گازی زیانبەخشی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین و کاربۆن کاریگەریی خراپیان بۆ سەر پیسبوونی ژینگە هەیە. باس لەوە کرابوو کە پەنجا شاری جیهان ڕۆڵی زیاتریان هەیە لە پیسبوونی ژینگە و لەو ژمارەیەش هەشت شاریان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و بەغدا و هەولێریش لە لیستەکەدا جێیان کرابووەوە.
گازی دووەمی نایترۆجین، گازێکی زۆر مەترسیدارە و لە کاتی سووتانی وزە بەردینەکان بە هەوادا بڵاودەبێتەوە، بە تایبەت لە کاتی سووتانی ڕۆن و گازوایل، کە بەشێکی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارگە گەورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو سووتەمەنیانە کار دەکەن و لە هەولێریش هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە سووتەمەنی وێستگە گەورەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە گازوایلەوە بۆ گازی سروشتی گۆڕاوە بەڵام بەو هەزاران مۆلیدەیەی لە گەڕەکەکان ڕۆڵیان لە بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە و بەو سەدان هەزار ئۆتۆمبێلەی لە شەقامەکاندا بەنزینی نۆرماڵ دەسووتێنن و بەو پاڵاوگە نایاساییانەی لە کارەکانیان بەردەوامن، چاوەڕێی باشتربوونی دۆخی ژینگە ناکرێت.