ڕائیب جادر – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئیدارەی سۆران بە ھاوکاری پۆلیسی ناوچەکە ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ڕێکخستنی ناو بازاڕی سۆران. بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران، دەڵێت: ھەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزای یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر، ئامانجیش لەم کارە ڕێکخستنی سیستەمی ھاتووچۆیە بەشێوەیەکی سەردەمیانە.
سۆران ئیدارەیەکی سەربەخۆیە، نزیکەی ٣٧٠ ھەزار دانیشتووی ھەیە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی سۆران ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە و لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ ڕایکردنی کاروباری ھاووڵاتییانی ناوچەکە.
ھەنگاوەکانی گواستنەوە و گەیاندنی ھاووڵاتییان بە تەکسی لەناو بازاڕی سۆران بوو بە کردار و تابلۆی وەستانی تەکسی ھەڵواسرا. شۆفێرانی تەکسی بێ گرفت کارەکانی خۆیان دەکەن و دەڵێن، ھەر سەرنشینێک گلەیی ھەبێت، یان پارەی زیادی لێ وەرگیرا دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، داواش دەکەین وەکو ھەموو شارەکانی دیکەی کوردستان سێکتەری تەکسی ڕێکبخرێتەوە و ئەو شۆفێرانەی ھاووڵاتییان دەگوازنەوە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەنە تەکسی، بۆ ئەوەی سبەی ئەگەر تووشی کێشەیەک بوون ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن ئەوانیش بەداوداچوون بۆ کێشەکەیان بکەن.
شۆفێران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو سیستەمەی ئێستا لە سۆران کاری پێ دەکرێت ڕێکخستنەوەیەکی جوانە بۆ شارەکە، ئەگەر شارەکە ھەموو بکرێتە تەکسی دیمەنێکی جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ھاووڵاتییان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگوازرانەوە شوێنی مەبەست.
نرخەکان بەپێی دووری ناوچەکان لە شوێنی وەستانی تەکسییەکان ھەڵواسراون، بۆ ئەوەی سەرنشینان لێی ئاگادار بن. بارزان میر عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی کەم تەکسی لەو شارە ھەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی تەکسی لە شارەکە ھەن، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەکە زیاتر دەبێت، لە سەرەتای مانگی دوو، کرێی گواستنەوەی ھاووڵاتییان بە تەکسی ڕێکمان خستووەتەوە، ھەر ھاووڵاتییەک گلەیی لە کرێی گواستنەوە ھەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات، ئێمەش ھەڵدەستین بە سزادانی ئەو شوفێرانەی کرێی زیاتر وەردەگرن.
لە ڕووی ڕێنوێنی و یاساکانی ھاتوچۆوە، ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ھیچ شێوەیەک بۆی نییە کاری گواستنەوەی ھاووڵاتییان بکات و تەنیا تەکسییەکان دەتوانن ئەو کارە بکەن، ئەوانیش لە گواستنەوە و گەیاندن پێویستە ناویان تۆمار بکرێت. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی سۆران، دەشڵێ: ھەموو ھێلەکانی گواستنەوەی ھاووڵاتییان ئەوانەی لە سۆران بۆ شار و شارۆچکە و شارەدێیەکانی دەرەوەی سۆران ڕێکخستووە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێلی پێشکەوتوو کاری گواستنەوەی ھاووڵاتییان دەکەن.