وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: هێرشەكەی ئەمشەو هیچ زیانێكی بە كێڵگەی غازی كۆرمۆڕ نەگەیاندووە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی هێرشەكەی ئەمشەو بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆڕ لە سنووری چەمچەماڵ بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە هێرشەكە هیچ زیانێكی بە كێڵگەی غازی كۆرمۆڕ نەگەیاندووە.

وەزارەتەكە لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت “کاتژمێر 7:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر”.

راشیگەیاند ” هێرشەكە هیچ زیانێكی بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز نەگەیاندووە”.

هەروەها رایگەیاند “بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.