گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو شاندی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ هەیە، نییەتی جیدییش بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان هەیە، لەو یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت.
یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەمواری یاسای بودجە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێکی ئەرێنی سەیری دەکات و دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆنانە دەکات کە ڕۆڵیان هەبووە لە تێپەڕاندنی هەموارەکە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنە و گەڕانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و عێراق، هەورامانی دەڵێت: هەماهەنگییەکی زۆر باش لەنیوان هەردوولا هەیە و نییەتی چارەکردنی کێشەکانیش هەیە، گفتوگۆکانی نێوانیشیان بە تەنیا بۆ زامنکردنی مووچەی مانگێک نییە، بەڵکو بۆ مووچەکانی هەر 12 مانگەکەی ئەم ساڵە و، کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە و سبەینێش دیسانەوە کۆدەبنەوە. باسی لەوەش کرد، لەو یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و لە بەرپرسیارێتی ڕاناکات. گوتیشی: بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ بە رێککەوتن، دانوستان و پابەندیی بە دەستوور وەربگرینەوە.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، نامانەوێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تووشی دڵتەنگی بن و سیناریۆی پار لەم ساڵدا دووبارە ببێتەوە، بەڵکو دەمانەوێت وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق هاووڵاتییانی هەرێمیش مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرن.
هەر لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، پێشەوا هەورامانی، ڕوونی کردەوە، بە پێی هەموارەکە لە ڕێگەی سۆمەوە نەوت دەفرۆشین، لە بەرانبەردا دەبێت حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.