هەولێر … شەقامی بارەگای فەرماندەیی سنووری ناوچەی یەک کرایەوە، کە بە گۆژمەى ( 175 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراوە

 

ئەمڕۆ شەممە 2025.2.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و بە ئامادەبوونى لیوا دلێر فرزندە زێباری، فەرماندەى فەرماندەیی سنووری ناوچەی یەكى سنوور و ژمارەیەکى دیکە لە پلەدار و ئەفسەران و عیماد محمدامین، بەڕێوەبەرى چاککردنەوە و پاراستنى ڕێگاو بانى هەولێر و ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، شەقامی بارەگای فەرماندەیی سنووری ناوچەی یەکى کردەوە، کە بە گۆژمەى ( 175 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى ڕێگاوبانى هەولێر جێبەجێ کراوە.

پارێزگارى هەولێر دواى کردنەوەى شەقامەکە دەستخۆشى لە تیمى سەرپەرشتیار و جێبەجێکارى پڕۆژەکە کرد و پیرۆزبایشی لە فەرماندە و فەرماندەی سنووری ناوچەی یەك کرد بە بۆنەى کردنەوەى شەقامەکە، کە گرفتی هاتووچۆى لەو شوێنە چارەسەر کرد، هەروەها بە تەواوبوونى ئاسانكارییەكی زۆر باش پێشکەش بە ناوچەکە دەکات و ڕۆڵى پاسەوانى سنوورى لە پاراستنى خاکى نیشتمان بەرز نرخاند و ئومێدى سەرکەوتنى لە ئەرک و کارەکانیان بۆ خواستن.

جێگەى باسە، پرۆژەى دروستكردن و قیڕتاوکردنى شەقامی بارەگای فەرماندەی سنوری ناوچەی یەک، درێژیەکەى (500)مەتر، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى ڕێگاو بانى هەولێر بە گوژمەى (175 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراوە