دوای چەندین کۆبوونەوەی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکانی حکوومەتی فیدراڵ، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت؛ کێشە تەکنیکییەکان بەرەو چارەسەر دەچن.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو، کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕیوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ باسی خشتە و لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کرد و لەیەک تێگەیشتن هەیە و ئومێد دەکەین گرفتەکان چارە بکرێن و پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە ڕەوانە بکرێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەش، وتی: سەرەتا بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ئەندامانی هەردوو شاندەکە، شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ هوتێل بەغدا گواسترایەوە.
هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، ڕێباز حهملان، بریکاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق. ڕایگەیاند؛ شاندی حکوومەتی ههرێمی كوردستان لهگهڵ شاندی حكوومهتی فیدراڵ گفتوگۆیان لهبارهی دوو پرس كردووه، ئهوانیش لیستی مووچهی مانگی یهكی فهرمانبهران و خانەنشینان بووه.
ئەوەشی خستەڕوو؛ كۆبوونهوهی شاندی حکوومەتی ههرێمی كوردستان لهگهڵ وهزارهتی دارایی عێراق بهردهوام دهبێت و، كۆبوونهوهكهی ئهمڕۆش ئهرێنی بووه.
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت: ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاند باس کرا، دەکرێتە بناغە بۆ هەر 12 مانگی ئەمساڵ.
دوێنێش، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ؛ کارەکانیان تەواو بکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، 01-02-2025، بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغدا بەردەوامن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەش کردووە “تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن.”
هەر دوێنێش، کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی؛ لە بەغدا بەڕیوەچوو.
شایەنی باسکردنە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت و کۆبوونەوەکان ئامادەکارییەکی باشە بۆ ئەوەی هەموارەکە تێپەڕێنرێت کە بڕگگەیەکی هەموارەکە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.