ڕائیب جادر – هەولێر
ھەر چەندە بڕیار بوو لە پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق کۆتایی بە کێشەی ھاتن و نەھاتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بھێنرێت، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم پرسە، پرسی گەرم و سەرەکی گفتوگۆیەکانی ھەر دوو حکوومەتە، ھەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکانی شاندی ھەر دوو حکوومەتن تاکو بڕیاری کۆتایی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بدرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی ھەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە
ھەموارەکە لە ماددەی ١٢ـی تایبەت بە بەرھەمھێنان، گواستنەوە و ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە، کە ١٦ دۆلاری وەکو تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنێکی نێودەوڵەتیی ڕاوێژکاری، نرخێکی خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات.
پەرلەمانی عێراق خشتەی کۆبوونەوەی ڕۆژی یەک شەممەی بڵاوکردەوە کە بڕگەی یەکەمی تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی. پەیامی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەرۆک فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان ڕوون و ڕاشکاو بوو، دەبێت دەنگ بە ھەمواری یاسای بودجە بدەن، کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاشکراشی کردووە، ئەگەر پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو ھەموارە نەدات قەبارەی زەرەر و زیانەکان لەسەر ئابووری عێراق زیاتر دەبن، ھەر چەندە ھێشتا دەنگی ناڕەزایەتی لە بەشێک لە فڕاکسیۆنە شیعەکان دەبیسترێت، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەن لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگ لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان بدرێت.
لە یاسای بودجە، تێچووی دەرھێنانی بەرمیلێک نەوت لە ھەرێمی کوردستان بە ٦ دۆلار ھەژمار کراوە، بەڵام ئەو ھەموارکردنەوەی کە لەلایەن حکوومەتەوە نێردراوە، تێچووەکەی بە ١٦ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک ھەژمار کردووە. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: سەرۆکوەزیران داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کردووە دەنگ لەسەر ئەو ھەموارە بدەن کە ئێستا لە پەرلەمانە و تەنیا دەنگدانی ماوە تاوەکو دووبارە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژەری بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی ھەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەندامانی پەرلەمانی ڕوونکردووەتەوە کە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت زیانی ئابووری زۆری ھەبووە و پێویستە سەرجەم لایەنەکان ھەماھەنگ بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەی لە حکوومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان، بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان فراکسیۆنە کوردی و سوونی و شیعەکان ھەبوو نزیکەی ٢٠٠ پەرلەمانتار لەگەڵ دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتن و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ یەک شەممە دەنگدان لەسەر ھەموارەکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.
ئیرادەیەک لە دەرەوە ھەیە و نایەوێت عێراق سەقامگیر بێت
زۆر لایەنی سیاسی ھاوکارنین لە تێپەڕاندنی ھەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان، کە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمان گفتوگۆ و دەنگی لەسەر بدرێت، تێپەڕاندنی ھەمواری یاسای بودجە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی زیانی گەورە بەر سامانی گشتی وڵات نەکەوێت، کە ساڵانە ١٥ ترلیۆن دینار زیان بەر عێراق دەکەوێت. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئیرادەیەکی سیاسی کە لە دەرەوەی دەستوورە، نایەوێت ئیستقراری سیاسی لە عێراق ھەبێت، لە ھەمان کاتدا نایەوێت مافی خەڵکی کوردستان و پارێزگاکان بدرێت، وەکو ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە، ئیمانیشی بە فیدڕاڵیەت نییە، بۆیە دەبینین بەردەوام کۆبوونەوە دەکرێت، ڕووبەڕووی ئەو ھێزە سیاسییە کە نادەستووییە دەبێتەوە، چونکە ئەو نە حوکم بە دەستوور دەکات، نە کار بە دەستوور دەکات، بەڵکو بە تەفسیری میزاجی و سیاسی دەیەوێت پرۆسەی سیاسی بڕوات، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم ھەموو بەڵگەکانی خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، ئەو ھەموو ھێنان و بردنە دەبوایە لە سەرەتاوە ھۆکارەکەی بگوترێت، کە ھۆکارەکە سیاسییە، نەک تەکنیکی.