ئەمڕۆ شەممە 1ی 2ی 2025، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، بە سەرۆكایەتیی ئەندازیار – كارزان عەبدولرهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كۆبوونەوەیەكی گشتگیر كراوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کۆی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و کەمکردنەوەی ڕۆتین و پابەندبوون بە ئیشوکارەکان و ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان و گرینگیدان و پێداچوونەوە به کار و پڕۆژەکان و جێبەجێکردنیان بەشێوەیەکی خێراتر، جگە لەمانەش، دانانی پڕۆفایل و دروستکردنی لیژنەیەک بۆ کەرتی تیمار.”
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی ڕاسپێدران، بەدەستپێکردنەوەی هەڵمەتەکانی چاککردنەوەی شەقام و ڕێکخستنەوەی سووڕانەوەکان (یوتێرن) و هەڵگرتنی دوورگە ناوەندییەکان و ڕێکخستنەوەی بازاڕ و پاڕاستنی شۆستە و شەقامەکان و پاکڕاگرتنی گەڕەک و کۆڵان و شوێنە گشتییەکان و بەردەوامبوونی گرتنی سەگی بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شەڵتەر.”
ئاماژە بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و بایەخدان بە پارک و باخچەکان کراوە و جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری چاندنی گوڵ و نەمام لە تەواوی شاری هەولێر کراوەتەوە.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لە كۆبوونەوەكەدا گوتویەتی: “پێویستە هەڵمەتێکی دیکەی پێداچوونەوەی تابلۆ و نووسراوەکانی شوێنە گشتییەکان ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو تابلۆیانەی بە زمانی بیانی نووسراوە بکرێن به زمانی شیرینی کوردی و نووسراوەکانی سەر دیوارەکانیش بسڕێتەوە و بە تەواوی سیمای شار ڕێک بخرێنەوە.”