ئەو پیاوەی هاوسەرەکەی پارچە پارچە کردبوو، دەستگیر کرا

شەممە، 1ـی شوباتی 2025، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن بە وەکالەت، ڕاگەیاند، ئەو پیاوەی هاوسەرەکەی پارچە پارچە كردبوو، دەستگیر کرا.

قایمقام دەڵێت:  تۆمەتبارەکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و  لە ئێران دەستگیر کرا.

گوتیشی: پاش بەدواداچوون و داوکاریی پۆلیسی سلێمانی لە ئێران، ئەو پیاوە دەستگیر کراوە و بڕیارە ئێران ڕادەستی هەرێمی کوردستانی بکاتەوە.

قایمقامی پێنجوێن ڕاشیگەیاند “ڕووداوەکە لەسەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵ ڕووی داوە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان 15ـی مانگ تەرمی ژنەکەیان بە پارچە پارچە کراوی لە نێو حەوشەی ماڵەکەیاندا دۆزیەوە.”

سەرەتای کانوونی دووەمی 2025، پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ساڵانێکە دانیشووی شارۆچکەی پێنجوێن بووە، لە نێو ماڵەکەی خۆیدا  ژنەکەی خۆی کوشتوە و کردوویەتی 13 پارچەوە.

ئەو پیاوە و هاوسەرەکەی هەردووکیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، ڕووداوەکەش لەسەرەتای ئەم ساڵ ڕووی داوە، ئەوەش دوای ئەوەی کەس و کاری ژنەکە و منداڵەکانی پۆلیسیان لە دیار نەمانی ئەو ژنە ئاگادار کردووەتەوە.”