بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران، ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات دەستی پێ کرد

ئەمڕۆ شەممە، 01ی شوباتی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

لە 1ی شوباتی 2004 دوو خۆکوژ لە بارەگای لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆیان تەقاندەوە.

لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، كاتێك خەڵكی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جەژنە پیرۆزە و گەردنئازایی بوون و دڵخۆش بوون بە بەرقراربوونی ئاشتی و رێكخستنەوە ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن گرووپێكی تیرۆرستی دوو تەقینەوە خۆكوژی لە بارەگاكانی مەڵبەندی 3ی یەكێتی و لقی 2ی پارتی لە ھەولێر کران، كە بوونە ھۆی شەھیدبوونی 103 كەس، لەناویاندا ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی باڵای حكوومەتیی و حزبی بوون و ژمارەیەك كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەو دوو تەقینەوەیە لە كاتێكدا بوون، كە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پارتی و یەكێتی چووبووە بواری جێبەجێكردن و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بە ئومێدەوە چاوەڕێی قۆناغی داھاتوویان دەكرد، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ھەردوو حزب، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو كردەوەیە تەگەرە دروستكردن بووە بۆ پرۆسەكە، بەڵام ئەو ئامانجەیان نەھاتەدی و خەڵكی كوردستان و كادیر و ئەندامانی ھەردوو حزب پێكەوە شینیان بۆ شەھیدانی 1ی شوبات گێڕا، ھەوڵەكانیش بۆ كاڵكردنەوەی دوو ئیدارەیی چڕ كرانەوە.