شاندی هه‌ولێر و به‌غدا لە بارەی پرسی مووچە و هه‌مواری بودجه‌ لە کۆبوونەوەدان

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی پرسی مووچە و  شایسته‌ داراییه‌كان و هەمواری بودجە لە کۆبوونەوەدان.

کاتژمێر 8ی به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 1ی2ی2025، کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی  لە بەغدا دەستی پێکرد.

ڕۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لەڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون.

شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من کراو بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو ، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.