مەسرور بارزانی: خۆشحاڵین کە دووەم ساڵە بەناوی (ماڵی کوردستان) بەشداریی لە کۆربەندی داڤۆس دەکەین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کردنەوەی (ماڵی کوردستان) لە داڤۆس گوتی: “خۆشحاڵین کە دووەم ساڵە بەناوی (ماڵی کوردستان) بەشداریی لە کۆربەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس دەکەین.”

ئەمشەو دووشەممە 20/1/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە (ماڵی کوردستان) لە داڤۆس رایگەیاند: “خۆشحاڵین کە دووەم ساڵە بەناوی (ماڵی کوردستان) بەشداریی لە کۆربەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس دەکەین و سوپاسی ئەوانە دەکەین کرد ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی (ماڵی کوردستان) لە داڤۆس، بەتایبەتی خالید خۆشناو کە ئەرکی کێشاوە بۆ دروستکردنی (ماڵی کوردستان) لە داڤۆس کە بووەتە شوێنێک بۆ خەڵکی کوردستان.”

گوتیشی: “هیوادارین هەرێمی کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانن پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرە پێبدەن.”

سەرۆکی حکوومەت راشی گەیاند: “جێی خۆیەتی لێرە یادی برای شەهیدمان، شەهید پێشڕەو بکەین کە پار ساڵ بەنیاز بوو لەگەڵ ئێمە بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی ئەو چەند گرفتێک کە هاتە پێشی، نەیتوانی بەشدار بێت، کەچی بەداخەوە بەشێوەیەکی ستەمکارانە شەهید بوو، ئێمە یادی بەرز ڕادەگرین و خۆشحاڵم ئەمساڵ کاک ڕۆژی کوڕی شەهید پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ئێمە بەشدارە، پشتیوان بەخوای گەورە شوێنی شەهید پێشڕەو دزەیی باوکی پڕ دەکاتەوە.”

هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوە دا: “بۆ ئەمریکا ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، پێش چەند سەعاتێک سەرۆک ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکی ئەمەریکا، لێرەوە بەناوی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گەڕایەوە کۆشکی سپی و بووەوە سەرۆک کۆمار، هیوادارین بتوانین پەیوەندییەکانی ستراتیژی خۆمان لەگەڵ ئەمەریکا پەرە پێ بدەین و وەکو هاوپەیمانێک بەردەوام بین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە پەرەپێ بدەین و بیپارێزین، هیوادارین ئەمەریکاش زیاتر یارمەتی ئێمە بدات لە عێراق و بەتایبەت لە کوردستان لە پاراستنی هەرێمەکەمان، هەروەها لە ڕووی پێشخستنی ئابووری هەرێمەکەمان.”

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان تێوەنەگلێین.”