وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەك زەمالەی خوێندنی ماستەر لە كۆریای باشوور رادەگەیەنێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانبەرانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە ئاژانسى کۆیکا (KOICA) لە ولاتی کۆریاى باشوور (15) کورسی خوێندن لە بواری ماستەر لە چەند زانکۆیەکى کۆریاى باشوور تەرخانکردووە.

بۆ ئەم مەبەستە هەر کەسێک کە ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە دەبێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور هەیە بە لەبەر چاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، داواکارى بۆ پێشکەش بکەن.

– پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

– پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بروانامە.

– ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.

– داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).

– کاندیدی سەرکەوتوو تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

– کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت و بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.

تێبینی:

1- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەری سەرەکی زانکۆکان کە لە پرۆگرامى زەمالەکەدا هاتووە دەبێت.

2- پێشکەشکار دەبێت فایلێک پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان بکات لە دیوانى وەزارەتەکەمان کە بریتییە لەم دۆکیومێنتانە: (لاری نەبوونى شوێنى کارى خۆى، پوختەى ڕاژە، کۆپى پاسپۆرت، فۆرمى زەمالەکە کە پڕى کردووە).

3- دوایین کات بۆ پێشکەشکردنى و هێنانى دۆکیومێنتەکان (25/1/2025) دەبێت.

4- کاندیدی سەرکەوتوو لە دوای بە دەستهێنانی زەمالەکە، دەبێت سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەرێوەبەرایەتی نێردراوان بکات بۆ پرۆسێسکردنی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن.

5- هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.

6- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

https://drive.google.com/…/1v…/view…