پارتی و یەکێتی بۆ جاری چوارەم لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت کۆدەبنەوە

هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بۆ جاری چوارەم لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکان سبەینێ سێشەممە، 20-01-2025، هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، لە شاری هەولێر کۆدەبنەوە.

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، بەردەوامیدان دەبێت بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چاوەڕێ دەکرێت ڕەشنووسی بەرنامەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئامادە بکرێت.

ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتییە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، 18-01-2025، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە؛ بەمزووانە هەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین.”

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.