سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاریی لە پێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 – 24 /1 بەڕێوەدەچێت.

لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت ، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات ، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.

هەروەها ئەمساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس ، کە ساڵی ڕابردوو لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداری ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێکدەخات بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان وگەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.